کەرکووک.. دەیان شۆفێری بارهەڵگر دژی وەرگرتنی سەرانە ناڕەزایی دەردەبڕن

دەیان شۆفێری بارهەڵگر لەسەر ڕێگەی سەرەکیی داقوق - تازە خورماتوو دژی وەرگرتنی سەرانە لەلایەن بازگەکانی سەر بە حکوومەتی عێراق لە سنووری پارێزگای کەرکووک، گردبوونەتەوە و ناڕەزایی دەردەبڕن.

بە گوتەی شۆفێرانی بارهەڵگر، لە بازگەکاندا بە ناوی قەپانکردنی بار و چەند بیانویەکی دیکە، پارەی زیادەیان لێ وەردەگێرێت، شێوازی وەرگرتنەکەش بە فەرمیی نییە.

یەکێک لە شۆفێرە ناڕازییەکان دەڵێ: 10 هەزار دینار لە کاتی قەپانکردنی بارهەڵگر وەردەگیرێت، کەچی لەلایەکی دیکەوە دەبێت 30 هەزار دیناری دیکە بدەین. بەمەش ئەگەر ڕۆژانە چوارجار تووشی ئەم ڕێکارە ببینەوە ئەوە دەبێت بۆ هەر ڕۆژێک نزیکەی 200 هەزار دینار بدەین! هە ربۆیە ئێمە دەمانەوێت ئەم کێشەیەمان بۆ چارە بکرێت و تەنیا پێنج هەزار دینار بە ناوی قەپانکردنی بارهەڵگرەکانمان لێ وەربگرێت بەبێ هیچ زیادە و سەرانەیەکی دیکە، چونکە لە سەرتاسەری عێراق تەنیا بڕی پێنج دینار بەناوی قەپانکردن وەردەگیرێت.

گردبوونەوە و ناڕەزایی دەربڕینی شۆفێرانی بارهەڵگر لە سنووری پارێزگای کەرکووک
گردبوونەوە و ناڕەزایی دەربڕینی شۆفێرانی بارهەڵگر لە سنووری پارێزگای کەرکووک

شۆفێرێکی دیکەی بارهەڵگر دەڵێت: من لە هەر ڕۆژێکدا شەش جار دەبێت بارهەڵگرەکەم قەپان بکەم و پارەی زیادە بدەم، ئەمە کەی ڕەوای هەقە.

گوتیشی: ڕێگەی دووری گەیاندنی بارەکەم بۆ داقوقە کە دوورییەکەی تەنیا 40 کیلۆمەترە، دەکرێ من هەموو سەرێک بارهەڵگرەکەم قەپان بکەم و پارە بدەم؟ ئەوەی لێمان وەردەگیرێت، داهات و قووتی ژیانی ئێمەی کاسبکارە و نازانین ئەو پارەیەی وەردەگیرێت بۆ کوێ دەچێت؟ بۆیە داوا لە سەرۆکوەزیران، محەممەد شییاع سوودانی دەکەین بەدەم داواکارییەکەمانەوە بێت و ئەو سەرانە وەرگرتنە کۆتایی پێ بهێنێت، چونکە لە گشت پارێزگاکانی دیکەی عێراق تەنیا پێنج هەزار دینار پارەی قەپان وەردەگیرێت بەبێ هیچ زیادەیەک.

شۆفێرانی بارهەڵگر دەڵێن: بۆ گەیاندنی داواکارییەکانمان و چارەی کێشەکان چوینەتە پارێزگا و قایمقامییەت، بەڵام هیچ یەکێک لە بەرپرسان لەسەر کار نەبوون لە ماڵەکانیان خەوتوون، بۆیە ئێستا ئێمە چاوەڕێین بەرپرسان بەدەم داواکارییەکانمانەوە بێت، ئەگەر نەیەن ئێمە کە زیاتر لە 100 شۆفێرین، لەسەر ئەم ڕێگەیە دەمێنینەوە .

داخستنی ڕێگەی سەرەکی داقوق - تازە خورماتوو لە سنووری پارێزگای کەرکووک بەهۆی ناڕەزایی لە وەرگرینی سەرانە
داخستنی ڕێگەی سەرەکی داقوق - تازە خورماتوو لە سنووری پارێزگای کەرکووک بەهۆی ناڕەزایی لە وەرگرینی سەرانە

 

Fly Erbil Advertisment