ژمارەیەک پێشمەرگە: لە ڕێگەی هەژماری من، بە دوو خولەک، دوو مووچەمان وەرگرت

ژمارەیەک لەو پێشمەرگانەی لە ڕێگەی "هەژماری من" مووجەکانیان وەرگرت (وێنە: ئیسلام هیرۆ - کوردستان24)
ژمارەیەک لەو پێشمەرگانەی لە ڕێگەی "هەژماری من" مووجەکانیان وەرگرت (وێنە: ئیسلام هیرۆ - کوردستان24)

ژمارەیەک مووچەخۆری لیوا هاوبەشەکان کە لە ڕێگەی 'هەژماری من' مووچەی مانگی حوزەیرانیان وەرگرت، دەڵێن، لەوەتەی بوونەتە پێشمەرگە، یەکەم جارە بە شێوەیەکی ئاسان و بێ ئەوەی نۆرە بگرن، مووچەکانیان وەربگرن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 18ـی تەممووز 2024، مووچە و هاوکاریی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ مانگی حوزەیران بۆ نزیکەی 12 هەزار مووچەخۆری لیوا هاوبەشەکان، بەشێوازی دیجیتاڵی لەڕێگەی 'هەژماری من' ەوە لە پارێزگای هەولێر دابەش کرا.

بۆ وەرگرنی مووچەکانیان، ئەندامانی لیوا هاوبەشەکان دەتوانن لە 34 شوێنی جیاواز و لە نزیکەی 100 ئامێر، لە سنووری پارێزگای هەولێر، مووچەکانیان وەربگرن.

پێشمەرگەیەک: هەژماری من باشترین سیستەمی وەرگرتنی مووچەیە

یەکێک لەو پێشمەرگانەی لە ڕێگەی ئامێرێکی ڕاکێشانی پارە "ATM"ـی تایبەت بە پرۆژەی "هەژماری من" مووچەکەی وەرگرت؛ بە کوردستان24ـی گوت: لەوەتەی بوومەتە مووچەخۆر، یەکەم جارە بە شێوەیەکی ڕێکوپێک و بێ نۆرەگرتن، مووچەکەم وەربگرم".  

ئەو پێشمەرگەیە پەیامێکی ئاراستەی فەرمانبەر و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان کرد: "33 ساڵ بوو مووچەی پێشمەرگایەتیم بە ماندبوونێکی زۆر، ڕەزاڵەت، دەردەسەری و بە نۆرەگرتن وەردەگرت؛ بەڵام ئەم جارە لە ڕێگەی ئامێرێکی 'هەژماری من' مووچەکەم بە شێوەیەکی زۆر ئاسان و بەبێ ئەوەی نۆرە بگرم، وەرگرت".

ئەو پێشمەرگەیە گوتیشی، "لە ئامێرەکانی تایبەت بە پرۆژەی 'هەژماری من' تەنها 2500 دینار لە مووچەکەم گەڕێنراوەتەوە، لە کاتێکدا لە بانکەکانی سەر بە حکوومەتی عێراق، زیاتر لە 6500 دینار لە مووچەی فەرمانبەران دەگەڕێنرێتەوە".

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتیشی، "هەژماری من باشترین سیستەمی وەرگرتنی مووچەیە، دەستخۆشیی لە سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم. هیوادارم هەموو فەرمانبەران لە داهاتوویەکی نزیکدا لەم پرۆژەیە خۆیان تۆمار بکەن، چونکە دەحەسێننەوە".

"بە دوو خولەک، دوو مووچەم وەرگرت"

پێشمەرگەیەکی دیکەش کە هەر ئەمڕۆ لە ڕێگەی "هەژماری من" مووچەکەی وەرگرت، بەم شێوەیە ستایشی پرۆژەکەی کرد: "هەژماری من باشترین سیستەمە؛ چونکە لە ڕێگەی ئەم پرۆژەیەوە بە دوو خولەک، دوو مووچەم وەرگرت".

وەکو ئەوەی پێشمەرگەکە جەختی لێ کردەوە، پرۆژەی هەژماری من "باشترین سیستەمی دابەشکردنی مووچەیە لە سەرتاسەری عێراق و هەرێمی کوردستان؛ داوا لە خەڵک و مووچەخۆران دەکەم، گوێ نەدەنە هەندێک کەس کە دژایەتی پرۆژەکە دەکەن و بێن بە زووترین کات خۆیان تۆمار بکەن".

هەشت بانک لە پرۆژەی 'هەژماری من' بەشدارن

به‌پێی ئامارەکانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، تاوه‌كو ئێستا زیاتر لە 400 هەزار مووچەخۆر، خۆیان لە پرۆژەی هەژماری من تۆمار کردووە و 231 ئامێری ڕاکێشانی پارە (ATM) لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بەردەستن و تاوەکوو کۆتایی ساڵی 2024 ژمارەکە دەبێتە نزیکەی هەزار ئامێر.

ژمارەی بانکە بەشدارەکانی پرۆژەی هەژماری من تاوەکوو ئێستا هەشت بانکە و هەریەکە لە بانکەکانی، ئاڕتی، جیهان، بەغدا، بی بی ئەی سی (بانكێكی لوبنانییه‌)، بانکی ئەهلیی عێراقی، بانکیی ئیسلامیی عێراقی، بانكی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) و بانکی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی (IDB)  لەخۆ دەگرێت.