زەیدی: پابەندین بە دەستەبەرکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان

سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەغدا پێشوازی لە سەرۆک و ئەندامانی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق کرد؛ لە کۆبوونەوەکەدا پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و پڕۆژەیاسای بودجەی 2027 تاوتوێ کران، هاوکات سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی کردەوە کە حکوومەتەکەی پەرۆشە بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق.

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاوی کردەوە، ئەمڕۆ سێشەممە 3ـی تشرینی دووەمی 2026، عەلی فالح زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشوازی لە شاندێکی پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە سەرۆکایەتیی شاخەوان عەبدوڵڵا کرد.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە لە دیدارەکەدا، چەندین پرسی گرنگی پەیوەست بە کەرتی خزمەتگوزاری، پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هاوشان لەگەڵ بڕگەکانی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی فیدراڵ بۆ ساڵی 2027 تاوتوێ کران.

ئاماژەشی داوەم سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرنجی خستە سەر هەوڵەکانی حکوومەت لە چەند مانگی رابردوودا بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکان لە نێو بارودۆخێکی ئاڵۆزی ئابووری و نێودەوڵەتیدا، و جەختی لە درێژەدان بە هەڵمەتی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، زیادکردنی داهاتی نانەوتی و جێبەجێکردنی پلانی بەرزکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت کردەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، زەیدی داوای لە پەرلەمانتاران کرد رۆڵی یاسادانان و چاودێریی خۆیان لە پەسەندکردنی یاسا بنەڕەتییەکاندا بگێڕن و گوتی: "حکوومەت بە تەواوی پەرۆشە لەسەر گەرەنتیکردن و دەستەبەرکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، هاوشێوەی هاوتاکانیان لە سەرجەم وەزارەت و پارێزگاکانی دیکەی عێراق، لەگەڵ کارکردن بۆ داڕشتنی ناسنامەیەکی روونی ئابووری لەسەر بنەمای گەشەپێدانێکی پێشکەوتوو."

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاندووە، شاخەوان عەبدوڵڵا سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، پاڵپشتیی فراکسیۆنەکەی بۆ سیاسەت و هەنگاوە چاکسازییەکانی حکوومەت لە بوارە جیاوازەکاندا دووپات کردەوە.

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی ئاماژەی بە پەرۆشیی هەرێمی کوردستان کرد بۆ پابەندبوون بە دەستوور و یاساکان بە جۆرێک کە دادپەروەریی کۆمەڵایەتی بۆ هەمووان دەستەبەر بکات؛ هاوکات هەڵوێست و هەوڵەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراقی لە پێناو پاراستن و دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بەرز نرخاند.

هەروەها دوای کۆبوونەوەکە سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، دوای کۆبوونەوەیەکی دوورودرێژ لەگەڵ عەلی زەیدی، لەبارەی گرفتی کارەبا لە کەرکووک، سەرۆکوەزیرانی عێراق رەزامەندیی نیشان داوە بە زیادکردنی بڕی 150 مێگاوات کارەبا بۆ ئەو شارە.

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی روونی کردەوە، بەو بڕیارە پشکی کارەبای کەرکووک دەگاتە نزیکەی 800 مێگاوات. هاوکات رەزامەندی دراوە لەسەر زیادکردنی نزیکەی پێنج ملیۆن لیتر گاز بۆ مۆەلیدە ئەهلییەکانی شارەکە.