یەمەن: ئێران و حزبوڵڵا سەرپەرشتیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی حووسییەکان دەکەن
وەزارەتی ناوخۆی یەمەن وردەکاریی نوێی سەبارەت بە قەبارە و سروشتی دەستێوەردانی دەرەکی لە بەڕێوەبردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی حووسییەکان ئاشکرا کرد. هاوکات بوونی 21 پسپۆڕی بیانیی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵڵای لوبنانی پشتڕاست کردەوە، کە سەرپەرشتیی پلاندانان، فەرماندەیی و پەرەپێدانی تەکنەلۆژیای سەربازی لەو وڵاتە دەکەن.
سێشەممە 3ـی تشرینی دووەمی 2026، ئیبراهیم حەیدان، وەزیری ناوخۆی یەمەن لە بەیاننامەیەکی رۆژنامەوانیدا روونیکردەوە، لیستی پسپۆڕەکان 14 کەسیان لە سوپای پاسدارانی ئێران و 7 کەسیان لە حزبوڵڵای لوبنانن، کە لە 6 پارێزگای یەمەن بڵاوبوونەتەوە. هاوکات جەختیکردەوە: "ئەم گرووپە تەنیا تیمی راهێنان نین، بەڵکو دەستەیەکی ئەرکانی تەواو پێکدەهێنن کە بەشێوەی مەیدانی چاودێریی جێبەجێکردنی ئەجێنداکانی تاران دەکەن".
بەگوێرەی بەیاننامەکە، پسپۆڕییەکانی ئەو کەسانە بریتییە لە بەڕێوەبردنی ئۆپەراسیۆنەکان، فەرماندەیی و کۆنترۆڵ، مووشەکە بالیستییەکان، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، سیستمەکانی چاودێری و پەیوەندی و جەنگی ئەلیکترۆنی، هەروەها تۆڕەکانی دابینکردن و قاچاخچیکردن بە پێکهاتە سەربازییەکان. ئەوان هاوکات هەماهەنگیی ئۆپەراسیۆنە دەریاییەکان، هەڵبژاردنی ئامانجەکانی کەشتییە بازرگانییەکان، پەرەپێدانی بەلەمە بۆمبڕێژکراوەکان، ئەندازیاریی ژێردەریاییە خۆجوڵەکان و راهێنانی چەکداران لەسەر دانانی مین و تاکتیکەکانی گەمارۆدان و جەنگی شارەکان دەکەن.
وەزیری ناوخۆی یەمەن ئاشکرای کرد، ئەم تۆڕە لەلایەن فەرماندەیەکی باڵای سەربازیی سوپای پاسدارانی ئێرانەوە بەڕێوەدەبرێت، کە بە پاساوی دیپلۆماسی وەک باڵیۆزی ئێران لە یەمەن نیشتەجێیە، بەڵام لە راستیدا وەک سەرپەرشتیاری گشتیی ئۆپەراسیۆنەکان، راوێژکاری ستراتیژی و بەڕێوەبەری ژووری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان کار دەکات.
حکوومەتی یەمەن هۆشداری دا لەوەی کە گۆڕینی یەمەن بۆ کێڵگەی تاقیکردنەوەی چەکەکانی ئێران تەنیا، هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی عەرەبی نییە، بەڵکو کاریگەریی نەرێنیی لەسەر گەشتوگوزاری نێودەوڵەتی و دابینکردنی وزە، لە دەریای سوور دەبێت. حکوومەت لە پەیامێکیشدا بۆ دانیشتووانی ئەو ناوچانەی لەژێر کۆنترۆڵی حووسییەکان دان، رایگەیاند، ئەو جەنگەی کوڕەکانیان بە پاساوی بەرگریکردن لە فەلەستین بۆی رادەکێشرێن، شەڕی ئەوان نییە، بەڵکو جەنگێکە ئەجێندا و تێچووەکەی ئێرانییە.
وەزارەتی ناوخۆی یەمەن جارێکی دیکە داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد بەخێرایی حووسییەکان وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی بناسێنێت، تۆڕەکانی دارایی و چەکدارکردنیان هەڵبوەشێنێتەوە، و بڕیارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش ژمارە 2216 و 2624 تایبەت بە قەدەغەکردنی هەناردەکردنی چەک بە توندی جێبەجێ بکات. لە کۆتایی بەیاننامەکەدا جەختکراوەتەوە، کراوەتەوە کە دەزگا ئەمنییەکان بەردەوامن لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان و پشتیوانیکردنی هێزە چەکدارەکان لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی فەجری یەمەن بە ئامانجی گێڕانەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت و سەنعا و سەقامگیرکردنی دۆخەکە.