فراکسیۆنی پارتی: ناحەقی بەرامبەر بە کەرکووک دەکرێت
فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ئەو مامەڵەیەی بەرامبەر بە کەرکووک دەکرێت ناحەقییە.
شاخەوان عەبدوڵڵا سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، رایگەیاند، لە بارەی ئەو دۆخەی لە کەرکووک دروست بووە، بە لاڕێدا براوە و زانیاریی نادروست لەو بارەیەوە بە عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق دراوە، هاوکات ئەوەی لە بەرامبەر خەڵکی کەرکووک دەکرێت ناحەقییە.
هاوکات رایگەیاند، کەرکووک 800 مێگوات بەرهەمهێنانی کارەبای هەیە، 500 مێگوات لە رێگەی گازەوە بەرهەم دەهێندرێت و 250 مێگوات لە دووبس و 150 مێگاواتیش لە مەلا عەبدوڵڵا، بەڵام شارەکە تەنیا لە 600 مێگاوات کارەبا سوودمەند دەبێت، چونکە زیاتر لە 150 مێگاوات کارەبا لە بەشی شارەکە دراوە بە کۆمپانیای نەوتی باکوور، بۆیە داوکارین ئەو بڕە کارەبایە بۆ کەرکووک قەرەبوو بکرێتەوە، تاوەکوو خەڵکی شارەکە لەو ئازار و مەینەتییەی هەیانە رزگاریان بێت و ئەو دۆخەش کە ئێستا هەیە کۆتایی پێبێت.
شاخەوان عەبدوڵڵا جەختی لەوە کردەوە، سەرۆکوەزیرانی عێراق دوای ئەوەی گوێبیستی داواکارییەکان بووە، راستەوخۆ رێنمایی دەرکردووە کە ئەو دوو داواکارییەی فراکسیۆنی پارتی و خەڵکی شارەکە جێبەجێ بکرێت.
سەبارەت بە کۆبوونەوە و دیدارەکان لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەکان و وەزارەت و لایەنە سیاسییەکانی عێراق بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەعدا، بە تایبەت پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردسان، شاخەوان عەبدوڵڵا رایگەیاند، بە هەماهەنگی لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دانیشتن و کۆبوونەوەمان لەگەڵ عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەنجامداوە، جەتیشی کردوە، بە زەیدی راگەیەندراوە، هەرێمی کوردستان پاڵپشتی لە حکوومەتەکەی دەکات و بە هەموو شێوەیەک لە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی هاوکار و هەماهەنگ دەبێت، گوتیشی، سەرەڕای ئەوەی داواکاریی و کێشەکانمان گەیاندووە، لە هەمان کاتدا نووسراوی هاوپێچمان هەبووە بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم کێشەکان بە رێگەی یاسایی و دەستووری.
نوێدەکرێتەوە....