خۆپیشاندەرانی قەزای سەنییە لە پارێزگای دیوانییە داوای خزمەتگوزاری دەکەن

چەند خوپێشاندانێکی ناڕەزایی لەبەر نەبوون و کەموکوڕیی پرۆژە خزمەتگوزارییەکان لە قەزای سەنییەی سەر بە پارێزگای دیوانییە بەڕێوەچوون.
پێنجشەممە، 18ی تەممووزی 2024، دانیشتووی شارۆچکەی سەنییە لە سنووری پارێزگای دیوانییە لە چوارچێوەی خۆپیشاندانێکی فراوان داوای چەند پرۆژەیەکی خزمەتگوزاریان کرد، کە هاوکات بوو لەگەڵ خۆپیشاندانی دانیشتوانی شارۆچکەیەکی دیکەی هەمان پارێزگا، لە بارەی کەمبوونەوەی کاتەکانی پێدانی کارەبا.
دەیان خۆپیشاندەری شارۆچکەی سەنییە بە ناڕەزایی دەربڕین چەند داواکارییەکیان بەرز کردەوە و یەکێک لە سەرەکیترین داواکارییەکەیان پێشکەشکردنی ئەو خزمەتگوزاریانەیە کە شایستەی ناوەندی ئیدارەی شارەدێکەن، بۆ ئەمەش داواکارن ڕەچاوی ژمارەی دانیشتوانی بکرێت.
یەکێک لە خۆپیشاندەران کە قسەی بۆ مێدیا عێراقییەکان کردووە و دەڵێت: گۆڕانی پێگە و دەسەڵاتی شارەدێی سەنییە بۆ شارۆچکە هیچ لە دۆخەکە نەگۆڕیوە، چونکە لە زۆر خزمەتگوزاری وەک نەخۆشخانە، بانک و چەند بنەمایەکی دیکەی خزمەتگوزاری بێبەشە و لە 21 ساڵی ڕابردوودا هیچ گۆڕانێکیان لە پەرەپێدان نەبینیووە و ئەو بودجەیەشی تەرخان و خەرج دەکرێت، نازانرێت بۆ کوێ دەچێت، تاکە گۆڕان لە سیمای شارۆچکەکە کرا بێت، تەنیا نوێکردنەوەی شۆستەی شەقامەکان بووە.
هەروەها ئاماژەی داوە، ملیارێک و 250 ملیۆن دینار بۆ نۆژەنکردنەوەی بنکە وێرانبووەکەی تەندروستی خەرج کراوە، بەڵام هیچ نەکراوە لە کاتێکدا دەکرا بەو پارەیە خەرجکراوە بنکەیەکی نوێ و سەردەمیانەی چەند نهۆمی لە شارۆچکەکە دروست بکرایە.
خۆپیشاندەران دەڵێن: ئێستا ئەگەر حاڵەتێکی بە پەلەی نەخۆشیی هەبێت، ناچارن بە زوویی بیگوازنەوە سەنتەری شاری دیوانییە، بەڵام بەهۆی قەرەباڵغیی ڕێگەوە تاوەکوو ئێستە، دەیان هاووڵاتیی هەر لە ڕێگە بوونەتە قوربانی و نەتوانراوە ژیانیان ڕزگار بکرێت.
شارۆچکەی سەنییە لە ساڵی 2019 ـەوە لە شارەدێی بۆ شارۆچکە گۆڕدراوە و کۆی دانیشتوانەکەی زیاتر لە 50 هەزار کەسە، سەرەڕای تێپەڕبوونی پێنج ساڵ بە سەر گۆڕینی دەسەڵاتی ئیداری شارۆچکەکە کەچی ژێرخانی خزمەتگوزارییەکانی شارۆچکەکە هەر هەمان ژێرخانی شارەدێکەی پێشوو بووە.