بە ڕاسپاردەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی سیستەمی زانیاریی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان دادەمەزرێندرێت

سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی
سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی

وەزیری تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات، لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکوەزیرانی کوردستان مەسرور بارزانی، سیستەمی زانیاریی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان دادەمەزرێندرێت.

پێنجشەممە 18ـی تەمووزی 2024، بە هەماهەنگی لەگەڵ ئیتاڵیا و زانکۆی ڕۆما، وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆنفرانسی سیستەمی زانیاریی تەندروستی لە هەولێرئەنجام دا، وەزیری تەندروستی ڕایگەیاند: لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، دەستدەکرێت بە دامەزراندنی ئەم سیستەمە و ئامانجی سیستەمەکەش بریتییە لە بەستنەوەی دام و دەزگاکانی وەزارەتەکەیان بە یەکتر، لەگەڵ پێشخستنی کەرتی تەندروستیی لە هەرێمی کوردستان.

سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی ئاماژەی بەوە کرد: ئەو پرۆژەیە بەهۆی چەند قەیرانێک لە هەرێمی کوردستاندا سستی بەخۆیەوە بینی و تا ڕادەیەک کارەکانی وەستا، لەوانەش شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش و بڵاوبوونەوەی پەتای کۆڕۆنا، بەڵام بە ویستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کابینەی نۆیەم، هاوکات دوای سەردانی سەرۆکوەزیرانی کوردستان مەسرور بارزانی بۆ ئیتاڵیا و سەردان و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان دەست بە دامەزراندنی کرا.

وەزیری تەندروستی ئاماژە بەوە دەکات، یەک لە دیدارەکانی سەرۆکوەزیرانی کوردستان مەسرور بارزانی  لەگەڵ تیمی سەرپەرشتیاریی پرۆگرامی( ئێچ ئای ئێس) لە هەرێمی کوردستان کە پرۆفیسۆر لیۆناردۆ سەرپەرشتی پرۆژەکە دەکات لەگەڵ تۆرنادۆ ڤێرنات لە زانکۆی ڕۆما، دەشڵێت: پرۆژەکە لە  ڕێگەی ئیمزاکردنی ڕێککەوتننامەیەکی هاوبەش لەگەڵ زانکۆی ڕۆما و بە ئامادەبوونی کونسوڵی گشتی ئیتاڵیا بە توانایەکی زیاتر و شێوازێکی فراوانتر و بە ئاستێکی بەرزتر دەستی پێکردەوە.