ئالان حەمەسەعید: مافی مامۆستایان لە "هەژماری من" گەرەنتی کراوە

K24 – هەولێر:
وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند: بۆ مانگی حوزەیران زیاتر لە 32 ھەزار مامۆستا و فەرمانبەری وەزارەتی پەروەردە لەڕێی ھەژماری منەوە مووچەكانیان وەرگرتووە.
ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی "هەژماری من"ـەوە گوتی: مافی مامۆستایان لە "هەژماری من" گەرەنتی کراوە، هەروەها ڕۆژێکی پێش کاتی دیاریکراوی وەرگرتنی مووچە، بە کورتەنامەیەک مامۆستایان ئاگادار کراونەتەوە کە مووچەکانیان خراوەتە سەر هەژمارەکانیان.
وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، باسی لەوە کرد: بۆ مانگی حوزەیران زیاتر لە 32 ھەزار مامۆستا و فەرمانبەری وەزارەتی پەروەردە لەڕێی ھەژماری منەوە مووچەكەیان وەرگرتووە.
پرۆژەی هەژماری من بریتییە لە بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەران (توطين رواتب)، جگە لە دەستڕاگەیشتنی مووچە بە ئاسانترین شێوە، فەرمانبەر دەتوانێت هەر کات و لە هەر کوێ بێت مووچەکەی ڕابکێشێت و سوودمەند بێت لە خزمەتگوزاری کڕین و فرۆشتن لە ڕێی سیستمی ئۆنلاین و دەتوانێت بە ئاسانترین شێوە پارە بنێرێت و پارەش بخرێتە سەر هەژمارەکەی، ئەوە جگە لە سوودمەند بوون لە چەندان قەرز و پێشینەی بانکەکان بۆ هاوسەرگیری و خانووبەرە و چەندین بواری تر، ههروهها هیچ کەس و لایەنێک ناتوانێت دەسەڵاتی بەسەر هەژمارەکەیەوە هەبێت و هەر کات بیەوێت دەتوانێت تەواوی مووچەکەی ڕابکێشێت.
پرۆژەی هەژماری من و بانکە بەشداربووەکان لە لایەن بانکیی ناوەندیی عێراقەوە دانپێدانراون، حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش جەخت دەکاتەوە، (هەژماری من) گشت مەرج و پێداویستییەکانی بانکی ناوەندیی عێراقی جێبەجێ کردووە.
پرۆژەی هەژماری من یەکێکە لە پرۆژە ستراتیجییەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە وەرچەرخانێکە لە شێوازی مووچەدان و بەهێزکردنی دارایی کەرتی گشتی، پەسەندکردنی بانکی ناوەندیی عێراقە.
ئامانجی پرۆژەی هەژماری من ئەوەیە، تا کۆتایی ئەمساڵ هەژماری بانکی بۆ زیاد لە یەک ملیۆن مووچەخۆر بکاتەوە، بەمەیش کەرتی بانکیی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بەرەوپێش دەبات و تۆڕی بڵاوبوونەوەی ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە لە هەموو ناوچە و شارەکان فراوانتر بکات.
به پێی ئامارەکانی حكوومهتی ههرێمی كوردستان، تاوهكو ئێستا نزیكهی 500 هەزار مووچەخۆر، خۆیان لە پرۆژەی هەژماری من تۆمار کردووە و 231 ئامێری ڕاکێشانی پارە (ATM) لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بەردەستن و تاوەکوو کۆتایی ساڵی 2024 ژمارەکە دەبێتە نزیکەی هەزار ئامێر.
ژمارەی بانکە بەشدارەکانی پرۆژەی هەژماری من تاوەکوو ئێستا هەشت بانکە و هەریەکە لە بانکەکانی، ئاڕتی، جیهان، بەغدا، بی بی ئەی سی (بانكێكی لوبنانییه)، بانکی ئەهلیی عێراقی، بانکیی ئیسلامیی عێراقی، بانكی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) و بانکی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی (IDB) لەخۆ دەگرێت.
ئەمە لە کاتێکدایە، زیاتر لە 50 هەزار فەرمانبەری هەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی "هەژماری من" و ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە "ATM"ـەوە مووچەی مانگی حوزەیرانیان وەرگرت. وهك عهزیز ئهحمهد ئاماژهی بۆ كردووه، چاوەڕێ دەکرێت، ژمارەکە بۆ وەرگرتنی مووچەی مانگی تەمووز بگاته 100 ههزار.