گەرماش کۆڵ بە خۆپیشاندەرانی زیقار دانانێت

هێشتا خۆپیشاندانەکان بەهۆی کەمی خزمەتگوزارییەکان و نەبوونی هەلی کارەوە لە پارێزگای زیقار بەردەوامن. خۆپیشاندانێک کە لەکاتی تشرینییەکانەوە لە ساڵی 2019 تاوەکوو ئێستا ناوبەناو لەو سەر بۆ ئەو سەری عێراق سەرهەڵدەداتەوە.

خۆپیشاندەران لە مەیدانی حبووبی لە ناڕەزایی دەربڕین و داواکردنی مافەکانیان بەردەوامن. حسێن کە لەکاتی خۆپیشاندانی تشرینییەکان دەستگیرکرا، بەڵام کۆڵی نەداوە و ئێستاش خەمی گەل و شارەکەی هەڵگرتووە.

حسێن کە خۆی ڕۆژنامەنووسە دەڵێ : لەلایەن دەزگای دژە تیرۆری عێراقەوە من و کوڕەکەم دەستیگیرکراین، بەتۆمەتی بەشداریکردن لە خۆپیشاندانی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردوود، ڕۆژی 27ی مانگ هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەم  و دەستگیریان کردم، من هەم وەک هاوڵاتییەکان و هەم وەک ڕۆژنامەنووسێک بەشداری خۆپیشاندانەکانم کرد. ئەوەی لەم وڵاتەدا ڕوودەدات وامان لێدەکات بەشداری خۆپیشاندانەکان بکەین.

شوێنی دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانی پارێزگای زیقار پێشبینی نەکراوە، هەرکاتێک هەست بە نادادپەروەری بکرێت خەڵک دەست بەخۆپیشاندانەکانیان دەکەنەوە.

لە تازەترین گردبوونەوەش ژمارەیەک چالاکوان و دەرچووی زانکوکان خۆپیشاندانێکی فراوانیان لە دژی بێکاری و دابین نەکردنی خزمەتگوزارییەکان ڕێکخست، سوورن لەسەر بەردەوامبوون تا ئەو کاتەی دواکارییەکانیان بەجێدەکرێن.

یەكێکی دیکە لە خۆپیشاندەران گوتی "خۆپیشاندان بەردەوامن و پێشبینی دەکرێت لەچەند ڕۆژی داهاتوودا فراوانتر بن بەتایبەتی لە پاریزگای زیقار چونکە هێشتا گوێی بەرپرسان لە ئاستی داوکارییەکانی خەڵک کەڕە".

خۆپیشاندەرێکی دیکەش گوتی "ئەوەی ئێستا لە زیقار دەگوزەرێت زنجیرەیەک فیلمی ترسناکە، ئەوەش بەهۆی لاوازی حکوومەتی خۆجێی و باڵادەستی گرووپەچەکدارەکانە، کەبوونەتە هەڕەشە لەسەر هەموو سێکتەرەکانی پارێزگاکە".

پارێزگای زیقار وەک مەکۆی خۆپیشاندانەکانە لە عێراق، هێشتا مەیدانەکانی پڕن لە خۆپیشاندەر بەبێ وەستان، چەند داواکارییەکی سەرەکیان هەیە لەوانە دامەزراندن، کۆتاییهاتن بە هەژاری، خزمەتگوزاریی و چەند داواکارییەکی دیکە کە زۆرینەیان بە مافە سەرەتاییەکان هاووڵاتییان دەژمێردرێن.