باڵیۆزی ڕۆمانیا لە عێراق: کەرتی تایبەتی هەرێمی کوردستان بەرەوپێشچووە

ڕادو ئۆکتاڤیان، باڵیۆزی ڕۆمانیا لە عێراق
ڕادو ئۆکتاڤیان، باڵیۆزی ڕۆمانیا لە عێراق

K24 – هەولێر:

باڵیۆزی ڕۆمانیا لە عێراق ڕایگەیاند: کەرتی تایبەتی هەرێمی کوردستان بەرەوپێشچووە، ئەمەش کاریگەری لەسەر گەشەی بازرگانی دەبێت. جەختی لەوەشکردەوە، ڕۆمانیا دەرگەی بە ڕووی هەرێمی کوردستاندا کردووەتەوە بۆ فراوانکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکان.

ڕادو ئۆکتاڤیان، باڵیۆزی ڕۆمانیا لە عێراق، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ سەرۆک و بەشێک لە ئەندامانی ژووری بازرگانی دهۆک، گوتی: ئەمە جاری یەکەمە شاندێکی ڕۆمانی سەردانی پارێزگەی دهۆک دەکات، دەخوازم ئەمە ببێتە دەروازەیەک بۆ ئەنجامدانی پرۆژەی زیاتر لێرە.

باڵیۆزی ڕۆمانیا لە عێراق جەختی لەوە کردەوە، ئەوە زۆر گرنگە کە پارێزگەی دهۆک گرنگی بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق دەدات. گوتیشی: ئێمەش لای خۆمانەوە بە گرنگی دەزانین پەیوەندییە دوولایەنەکانمان پەرەپێبدەین.

ڕادو ئۆکتاڤیان، دووپاتی کردەوە، کەرتی تایبەت لە هەرێمی کوردستان چالاکن، ئەمەش سوودی گەورەی بۆ بازرگانییەکەی دەبێت. باسی لەوە کرد، دەرگەیان کراوەیە بەڕووی هەرێمی کوردستان بۆ فراوانکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی، هەروەها کەرتی تایبەتی هەرێمی کوردستان بەرەوپێشچووە.

پێشتریش ڕادو ئۆکتاڤیان، باڵیۆزی ڕۆمانیا لە عێراق، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاندبوو، بازرگانەکانی ڕۆمانیا چاویان لەوەیە لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان بکەن و ئامانجیشیانە هەماهەنگیی نێوانیان فراوانتر بکەن.

باڵیۆزی ڕۆمانیا لە عێراق، ئاماژەی بەوەش کردبوو، ڕۆڵی باڵیۆزخانە بۆ فراوانکردنی هەماهەنگی ئابوورییە ئێمە هەموو کارێک و ئاسانکارییەک بەو ئاراستەیە دەکەین.

گوتبووشی: دڵنیام لەوەی هەرێمی کوردستان سەرسامە بە پێشکەوتنەکانی ڕۆمانیا، ئەوەی دەستمان پێ کردووە پرۆسەیەکی بەردەوامە و چاومان لەوەیە فراوانتری بکەین.

Fly Erbil Advertisment