یەکێتیی ئەورووپا بە 435 ملیۆن دۆلار هاوکاریی فەڵەستین دەکات

کۆمیسیۆنی ڕێکخراوی یەکێتیی ئەورووپا بڕیاری هاوکاریکردنی دەسەڵاتی فەڵەستینی داوە بە 435.5 ملیۆن دۆلار و بڕیارە بە سێ قۆناغ هاوکارییەکان بگەیەندرێت.
کۆمیسیۆنە ڕایگەیاندووە، ئەوەی بڕیاری لێ دراوە هاوکارییەکی خێرایە و وەک پشتیوانییەک بۆ مانەوەی دەسەڵاتی فەڵەستین، چونکە ترس لە هەرەسهێنانی دەسەڵاتەکە هەیە.
ئاماژەشی داوە، هاوکارییەکە 400 ملیۆن یورۆیە کە دەکاتە 435.5 ملیۆن دۆلار بە شێوەی بەخشین و قەرز بە سێ قۆناغ لەم مانگەوە تاوەکوو ئەیلوولی داهاتوو خەرج دەکرێت بۆ ئەوەی چاکسازیی لە دەسەڵاتی فەڵەستین بکرێت.
لە دوای هێرشی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە لە 17ی ئۆکتۆبەری 2023، محەمەد شتەییە، سەرۆکوەزیرانی پێشووی فەڵەستین لە 26ی شوباتی ئەم ساڵ دەست لەکارکێشانەوەی پێشکەشی مەحموود عەباس سەرۆکی دەسەڵاتی فەڵەستین کرد و رایگەیاند، هەوڵی زۆری دا بۆ ئەوەی دەسەڵاتەکان بە شێوەیەکی ئیداری بەڕێوە ببات، بەڵام نەکرا.
شتەییە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: دوای پێنج ساڵ بە سەر پێکهێنانی کابینەکەی، حکومەتەکەی لە چەند قۆناغێکدا بەدۆخی سەختدا تێ پەڕی، لەوانە بەرەنگاری گەندەڵیی، پەتای کۆرۆنا و ڕێککەوتنی سەدە بوون، ئێستاش کۆمەڵکوژیی هاووڵاتییانی فەڵەستینی لە کەرتی غەززە بەردەوامە.
دوای دەست لەکارکشاندنەوەکەی شتەییە، محەممەد مستەفا، لە سەرەتای مانگی نیسانی ئەم ساڵ بە فەرمی، وەک سەرۆکوەزیرانی نوێ لە ڕامەڵلای کەرتی ڕۆژئاوای فەڵەستین دەست بەکار بوو، هاوکارییەکانی یەکێتیی ئەورووپا بۆ دەسەڵاتی فەڵەستین لەسەر ئەو بنەمایەیە کە ترسی هەیە لەوەی ئەو حکوومەتەی ئیدارەی کەرتی ڕۆژئاوا دەدات، هەرەس بێنێت و دۆخێکی نەخوازراوی هاوشێوەی غەززە ڕووبەڕووی ئەو بەشەی فەڵەستین ببێتەوە.