ڕاوێژکاری یەکەمی ترەمپ 'عێراقییە'

ئەلینا حەبە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، کاندیدی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا
ئەلینا حەبە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، کاندیدی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا

ڕاوێژکاری یەکەمی ترەمپ بە ڕەچەڵەک 'عێراقییە' و چاوەڕێ دەکرێت ئەگەر ترەمپ ببێتەوە بە سەرۆکی ئەمەریکا، پۆستێکی باڵا لە کابینەکەیدا وەربگرێت.

ئەلینا حەبە، ڕاوێژکاری یەکەمی هەڵمەتی هەڵبژاردنی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا و کاندیدی پارتی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆکایەتیی ئەو وڵاتە؛ بە ڕەچەڵەک عێراقییە.

ئەلینا حەبە، چەند ساڵێکە ئەندامی تیمی یاسایی دۆناڵد ترەمپە؛ چاوەڕێ دەکرێت ئەگەر ترەمپ هەڵبژاردنەکە بباتەوە و جارێکی دیکە دەرگای کۆشکی سپی بە ڕوویدا بکرێتەوە، پۆستێکی باڵای پێ بدرێت.

ئەو پارێزەرە بە ڕەچەڵەک عێراقییە یەکێکە لە پاڵپشتە سەرسەختەکانی کاندیدی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا و ڕۆژنامەی نیوزویکی ئەمەریکی بە "یەکێک لە پارێزەرە متمانەپێکراوەکانی ترەمپ" وەسفی دەکات.

ئەلینا حەبە کێیە؟

- ئەلینا، 25ـی ئاداری 1984 لە ویلایەتی نیوجرسیی ئەمەریکا لە دایک بووە و کریستییانە.

- دایک و باوکی ئەلینا، خەڵکی دەشتی نەینەوای عێراقن و لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو کۆچی ئەمەریکایان کردووە.

- بەشی یاسای لە زانکۆی وایدنر لە ویلایەتی پێنسلڤانیا تەواو کردووە و ئێستا پارێزەرە.

- دایکی دوو منداڵە و هاوژینەکەی وەکوو ڕاوێژکاری وەبەرهێنان لە ئەمەریکا کار دەکات.

- کۆمپانییەکی هەیە کە لە پێنج پارێزەر پێک دێت و لە نیوجرسی و مانهاتن نووسینگەی هەیە.

-  باوکی پزیشکێکی بەناوبانگی نەشتەرگەری گەدە و ڕیخۆڵەیە بە ناوی سەعد حەبە.

گوتاری ئەلینا لە دوایین ڕۆژی کۆنفرانسی کۆمارییەکان

دوای ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا گەنجێکی تەمەن 20 ساڵ هەوڵی تیرۆرکردنی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکای دا؛ ئەلینا، لە دوایین ڕۆژی کۆنفرانسی کۆمارییەکان، پاڵپشتی تەواوی خۆی بۆ ترەمپ دەربڕی و جەختی کردەوە، هەموو هەوڵێکی خۆی دەخاتە گەڕ تاوەکوو ناوبراو ببێتەوە بە سەرۆکی وڵاتەکە.

ڕاوێژکاری یەکەمی ترەمپ لە بەشێکی قسەکانیدا گوتی: "شێتیی چەپەکان نیشانەی نائومێدییە و ئەو تۆمەتانەی دەدرێنە پاڵ دۆناڵد ترەمپ، بێ بنەمان ڕێگریمان لێ ناکەن. تاکە تاوانی ترەمپ، خۆشویستنی ئەمریکایە".