سەرکردەیەکی گەورەی داعش ڕادەستی عێراق کرا

دەزگای ئاسایشی لوبنان، "یەکێک لە مەترسیدارترین سەرکردەکانی داعش"ـی ڕادەستی حکوومەتی عێراق کرد.
دەزگای ئاسایشی لوبنان، بەرپرسی کاروباری دارایی داعشی لە سووریا و عێراق بە ناوی (ع. ع. دلێمی) تەمەن 50 ساڵ، ڕادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی فیدراڵی کرد.
ئەمین ناسر، بەرپرسی نووسینگەی تۆڕی ڕاگەیاندنی عێراق لە بەیروت، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: ئەو بەرپرسەی داعش، لە ساڵانی ڕابردوودا، پارەی چەندین کردەی تیرۆریستیی ڕێکخراوەکەی لە عێراق و سووریا دابین کردووە.
بە گوتەی ئەمین ناسر، ئەو تیرۆریستە "یەکێک بووە لە مەترسیدارترین بەرپرسانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش و بەرپرس بووە لە ئامادەکردنی خۆکوژەکانی ڕێکخراوەکە".
داعش جموجۆڵەکانی لە عێراق و ناوچەکە زیاد کردووە
ڕۆژنامەی 'زە گاردیانی' بەریتانی ڕاپۆرتێکی دەربارەی مەترسیی سەرهەڵدانەوەی گرووپە تیرۆریستییەکانی هاوشێوەی داعش و قاعیدە لە عێراق بڵاو کردووەتەوە و تیایدا سەرنجی خستووەتە سەر چەند خاڵێک کە زەمینە بۆ گەشەکردن و بەهێزکردنەوەی ئەو گرووپانە خۆش دەکەن.
زە گاردیان باس لەوە دەکات، پێکدادانەکان و بەتایبەتی شەڕی غەززە، کەشێکی لەباری دروست کردووە بۆ ئەوەی گرووپە چەکدارەکان خۆیان ڕێک بخەنەوە و جارێکی دیکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ببنە مایەی مەترسی.
بە گوێرەی 'زە گاردیان' هێرشەکانی داعش بەم دواییانە لە نیمچە دوورگەی سینا زۆر توندتر و کوشندەتر بوون. لە سووریا وعێراق بەدريژایی ئەمساڵ زیاتر لە 150 هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی سووریای دیموکرات هێزە عێراقییەکان.
هەروەها داعش لە عێراقیش بەتەواوەتی بنبڕ نەکراوە و ناوبەناو گورز دەوەشێنێت. لە هەوڵی کردنەوەی لقیشدایە لە سنووری یەمەن.
ئەم ڕاپۆرتەی 'زە گاردیان' لە کاتێکدایە، نوێترین کردەوەی تیرۆریستی داعش هێرشکردنە سەر شارەدێی قەرەهەنجیر و شەهیدکردنی کارمەندێکی ئاسایش بوو لەو سنوورە.