شکار تەیب نووری: حکوومەت هەوڵی پاراستنی ژێرخانی دیجیتاڵی داوە  

سەرۆکی تیمی پاراستنی سیستەمەکان لە فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاریی حکوومەتی هەرێم ڕایگەیاند، ئەو کێشەی کە دوێنێ ڕوویداوە هی مایکرۆسۆفت نییە، بەڵکو کێشەکە هی کۆمپانیایەکی دەرەکییە بەناوی 'کراود سترایک'.

شکار تەیب نووری، سەرۆکی تیمی پاراستنی سیستەمەکان لە فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەو کێشەی کە دوێنێڕوویداوە هی مایکرۆسۆفت نییە، بەڵکو کێشەکە هی کۆمپانیایەکی دەرەکییە بەناوی 'کراود سترایک'، ئەو کۆمپانیایە کاری پاراستنی سیستەمەکانی "ویندۆز و ماک و لینکس"، دوێنێ نوێبوونەوەیەکیان "ئەبدەیت"یان ناردە کۆمپیوتەرەکانی مایکرۆسۆفت، ویندۆز و ڤێرژنی 10 و 11ـی لەکار خست، وەکو بینیمان هەموو فڕۆکەخانە و بانکەکانی لەکار خست.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو سۆفتوێرە چەند یاسایەک بەکار دەهێنێت بۆ ئەوەی بتوانێت بەرگریی لەو کۆمپیوتەرانە بکات، لەو ئەبدەیتکردنە هەڵەیەکی تەکنیکی ڕووی دا کە بووەتە هۆی دووبارە هەڵکردنەوە و کوژانەوەی ئەو کۆمپیوتەرانە. بەڵام کۆمپیوتەرەکان لەکاتی داگرساندنەوەیان، دووبارە تووشی کێشە بوونەتەوە و بەبەردەوامی کوژاونەتەوە و هەڵبوونەتەوە.

شکار تەیب نوروی باسی لەوەش کرد "ئەو جۆرە کێشانە بەردەوام ئەگەری ڕوودانیان هەیە، هەروەها کۆمپانیا کراود سترایک یان هەرکۆمپانیایەکی دیکە، کە کار لەگەڵ حکوومەت و ڕێکخراوەکان دەکەن لە بەرگریکردنی هێرشەکان، ئەبێت بەشیوازێکی کۆنترۆڵکراو ئەو ئەبدەیتانە بنێرن".

ئەو بەرپرسەی فەرمانگەی تەکنەلۆجیا گوتیشی: ئێمە وەکو فەرمانگەی زانیاریی و تەکنەلۆجیا بۆ بەرگریی و پاراستنی ژێرخانی دیجیتاڵی، هەوڵ دەدەین لەگەڵ چەند کۆمپانیایەک هەماهەنگیمان هەبێت، نەک تەنیا یەک کۆمپانیا، بۆ ئەوەی ئەگەر یەکێک لەو کۆمپانیایانە تووشی کێشە بوو، بتوانین لەگەڵ کۆمپانیایەکی دیکە زانیارییەکان بپاریزین و ڕاستەوخۆ  ڕووبەڕووی کێشەکە ببینەوە.

کۆمپانیای ئاسایشی ئەلیکترۆنی (کراودسترایک) هۆی دروستبوونی کێشە تەکنیکییە جیهانییەکە ئاشکرا دەکات و ڕایگەیاند، دابڕانێکی کاتی لە سیستمی مایکرۆسۆفت ڕوویداوە لەو کاتەی هەوڵی نوێکردنەوەی سیستمەکەیان داوە.

کراودسترایک بڵاوی کردووەتەوە بەردەوامن لە چارەکردنی ئەو کێشەیەی له پڕۆگرامی مایکرۆسۆفت 365 ڕووی داوه کە بەهۆی نوێکردنەوەی سیستمی وێندۆزی ڕووی داوە، ئەمەش بووەتە هۆکاری لە کارکەوتنی سیستمی ویندۆز، هیچ کاریگەرییەکی بۆ سەر هەردوو سیستمی ماک و لینۆکس نەبووە. 

هەروەها کۆمپانیاکە ڕایگەیاندووە، نازانن دەتوانن لە ژێر باری خەرجی دارایی ئەو زیانە جیهانییە دەربچن کە بەهۆی چالاکییەکی کۆمپانیاکەیان (CrowdStrike) بە کۆمپانیای مایکرۆسۆفت و وڵاتان کەوتووە یان نە.

کەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمەریکی بڵاوی کردووەتەوە، بەهۆی ئەو کێشە تەکنیکییەی لە ویندۆزی مایکرۆسفت دروستبووە، کۆمپانیاکە نزیکەی 60 ملیار دۆلار زیانی بەرکەوتووە. هەروەها مەزندە دەکرێت زیانی ملیاران دۆلار بەر کۆمپانیاکانی گەشتیاری و کەرتە بانکییەکان کەوت بێت بەهۆی پەککەوتنی خزمەتگوزارییەکانەوە.

ئەو شوێنانەی بەهۆی سیستمی ویندۆزەوە کێشەی ئەلیکترۆنیان بۆ درووست بووە:

- فڕۆکەخانە

- بانک

- نەخۆشخانە

- هێڵەکانی گواستنەوە

سەرەکیترین ئەو کۆمپانیانەی زیانمەند بوون:

-کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی ئەمەریکا

- کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی تورکیا

- سیستمی بانکی ئیسرائیل

- فڕۆکەخانەکانی ئیسپانیا

- چوار هێڵی شەمەندەفەری بەریتانیا

- هێڵەکانی ئاسمانی بەریتانیا

- کەرتی بانکی بەریتانیا

- فڕۆکەخانەی سخیپهۆڵی هۆڵەندا

- کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی ڕایانئەیر ئێرلەند

- کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی ئەیر فرانسی فەرەنسا

- فڕۆکەخانەکانی ئەڵمانیا

- نەخۆشخانەکانی ئەڵمانیا

سێ کۆمپانیای هێڵی ئاسمانی هیندستان

- ئیندیگۆ

- ئەکاسا ئێیر

سپایس جێت

Fly Erbil Advertisment