پێشانگەیەکی فۆتۆگرافی بۆ هونەرمەند و شاعیرانی تورکمان کرایەوە

K24 – هەولێر:
پێشانگەیەکی فۆتۆگرافی لەژێر ناوی "هەولێری پێکەوەژیان" لە هۆڵی ڕۆشنبیری و هونەریی تورکمان لە هەولێر کرایەوە.
لە دوای کردنەوەی دەیان پێشانگەی هونەری فۆتۆگرافی لە شارەکانی کوردستان و دەرەوەی وڵات، هونەرمەندی فۆتوگرافەر "دلاوەر بازرگان" پێشانگەیەکی تایبەت بە هونەرمەند و شاعیر و ئەدیبانی تورکمان لەژێر ناوی "هەولێری پێکەوەژیان" لە هۆڵی ڕۆشنبیری و هونەری تورکمان کردەوە.
لە پێشانگەکەدا 320 وێنەی دەگمەنی هونەرمەند و شاعیران لە سەدەی ڕابردووەوە تا ئەمڕۆ دەبینرێت، کە تەمەنی خۆیان بە خزمەتی هونەر و بزاوتی ڕۆشنبیری کوردستان و نەتەوەکەیان کردووە.
"محەممەد دڵشاد" بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیریی و هونەری تورکمان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: کردنەوەی ئەو پێشانگە فۆتۆگرافییە لە چوارچێوەی زنجیرەیەک چالاکیی وەرزی هاوینەی بەڕێوەبەرایەتیەکەمانە، کە هونەرمەند توانیوویەتی بە ڕێگەی فۆتۆ ناوازەکانی ئەرشیفێکی وێنەیی کۆبکاتەوە، کە هەموو تەمەنی خۆیان بە هونەر و شیعر و ئەدەب بەخشیووە، هەروەها چالاکییەکی دیکەی میوزیک و گۆرانی لەم ئێوارەیەدا پێشکەش دەکرێت و پاشان بە ڕێزگرتن لە شاعیر و ئەدیبان چالاکییە هونەرییەکانمان بە کۆتا دێت.
.jpeg)


