سوودانی: ماددە هۆشبەرەکان هەڕەشەی ڕاستەقینەن لەسەر عێراق

دووەم کۆنگرەی نێودەوڵەتیی بەغدا بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ماددەی هۆشبەر بەڕێوە دەچێت، لەکۆنگرەکەدا سوودانی گوتی: هەماهەنگیمان لەگەڵ وڵاتان کردووە بۆ ڕووبەڕووبونەوەی گرووپە تیرۆریستییەکان و بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان.

محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆنگرەی نێودەوڵەتیی بەغدای بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ماددەی هۆشبەر، ڕایگەیاند، ماددە هۆشبەرەکان دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە تەواوی کۆمەڵگا، دەشڵێت: ئێمە هەماهەنگیمان لەگەڵ وڵاتان کردووە بۆ ڕووبەڕووبونەوەی گرووپە تیرۆریستییەکان و بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی.

سوودانی باسی لەوەش کرد، بازرگانانی ماددەی هۆشبەر هەوڵ دەدەن وڵاتەکەمان لاواز بکەن، هەروەها هەوڵی هەڵوەشانەوەی بناغەی کۆمەڵگەی ئێمە دەدەن، دەیانەوێت فەرهەنگ و پێکهاتەکانی خێزان لاواز بکەن. بازرگانانی ماددەی هۆشبەر گەنجەکانیش تووش دەکەن.

سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتیشی: ماددە هۆشبەرەکان دەبێتە هۆی لاوازکردنی وڵاتەکەمان، هەروەها ڕێگرییش دەکات لە بەرەو پێشبردنی عێراق و ئابووریش لاواز دەکات. ئەوەش ئەو ئامانجەیە کە دەمانەوێت ڕووبەڕووی ببینەوە، ئەگەر ستراتیجیی خۆمان دیاری بکەین، ئەوە دەتوانین سەرکەوتوو بین.

سوودانی باسی غەززەی کرد و گوتی: مەترسی فراوان بوونی ئەو شەڕە هەیە، ڕەنگە کۆمەڵێک وڵاتانی ناوچەکە بچنە ناو شەڕەکەوە، بەداخەوە خەڵکی غەززە قوربانی زۆریان داوە.

 دەشڵێت: ئەوانەی بازرگانی بە ماددەی هۆشبەر دەکەن لە شێوەی گرووپی چەتەیی دان، واتە بەگرووپ کار دەکەن، ئێمە چاودێرییەکی تایبەتمان خستووەتە سەر ماددەی هۆشبەر، بەو هۆیەوە کۆمەڵێک لیژنەمان دروست کردووە بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ئەو دیاردە ترسناکە، ئامانجی ئێمە پاراستنی کۆمەڵگەی عێراقییە لەو هەڕەشانەی دەبنە هۆی هەڵوەشانەوەی خێزان.

جەختیشی کردەوە، بەهەموو شێوەیەک پشتیوانی وەزارەتی ناوخۆمان کردووە بۆ سەرکوتکردنی ئەو دیاردە پیس و تێکدەرانە، بۆیە پێویستە هەوڵەکانمان یەکگرتوو بکەین لە پێناو پاراستنی کۆمەڵگاکەمان.

Fly Erbil Advertisment