ژاپۆنییەکی ڕیزەکانی سوپای ڕووسیا لە ئۆکرانیا کوژرا

حکوومەتی ژاپۆن ڕایگەیاند، مانگی ڕابردوو یەکێک لە هاووڵاتیانی وڵاتەکەی لە شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیادا کوژراوە. ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو ژاپۆنییە لە ڕیزی سوپای ڕووسیا شەڕی کردووە. 

ئەمڕۆ سێشەممە، 23ـی تەمووزی 2024، گوتەبێژی حکوومەتی ژاپۆن، یوشیماسا هایاشی گوتی: ئەو هاووڵاتییە ژاپۆنییەی لە ئۆکرانیا کوژراوە تەمەنی 29 ساڵ بووە.

کەناڵی "NHK" ڕایگەیاندووە، ئەو گەنجە، سەربازێکی پێشووی سوپای ژاپۆن بووە و لە مانگی نۆڤەمبەردا ژاپۆنی بەجێهێشتووە و لە ئەنجامی تەقینەوەیەکدا لە ناوچەی دۆنێتسک لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا کوژراوە.

هایاشی دەشڵێت: دەسەڵاتدارانی ڕووسیا لە 5ـی حوزەیران باڵیۆزخانەی ژاپۆنیان لە مۆسکۆ ئاگادار کردووەتەوە، دیپلۆماتکارەکانیش لە 15ـی حوزەیراندا کوژرانی ئەو هاووڵاتیەی ژاپۆنیان سەلماندووە.

گوتەبێژەکەی حکوومەتی ژاپۆن جەختی کردەوە، کە ژاپۆن ئاگاداری کوشتنی هاووڵاتیانی دیکەی ژاپۆنی نییە لە شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا.

باس لەوەکراوە، ژمارەیەکی کەم لە هاووڵاتیانی ژاپۆنی چوونەتە ئۆکرانیا بۆ ئەوەی شانبەشانی هێزەکانی ئەو وڵاتە دژ بە ڕووسیا شەڕ بکەن. بەڵام دیار نییە چەند ژاپۆنیی لەبەرەی ڕووسیا دژی ئۆکرانیا شەڕ دەکەن.

لەوەتەی شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا سەری هەڵداوە، بەدەیان هەزار ڕووس کوژراوە، بۆیە مۆسکۆ هەوڵیدا چەکدارانی چەند وڵاتێک وەربگرێت بۆ شەڕکردن، بەتایبەتی لە باشووری ئاسیا، هاوکات حکوومەتی نیپاڵ لە مانگی ئایاری ڕابردوودا ڕایگەیاند، 22 هاووڵاتیی وڵاتەکەی لە کاتی شەڕکردندا شانبەشانی ڕووسیا کوژراون، هاوکات سریلانکاش سەلماندوویەتی کە 17 هاووڵاتیی وڵاتەکەی لە هەمان شەڕدا کوژراون.

لە شوباتی ساڵی 2022، ڕووسیا هێرشی کردە سەر ئۆکرانیا کە تاوەکو ئێستا دەیان هەزار کەس لە هەردوولا کوژراون و بریندار بوون، هەروەها یەک لەسەر پێنجی خاکی ئۆکرانیاش لەلایەن ڕووسیا داگیرکراوە و ملیۆنان ئۆکرانیش ئاوارە بوون.

ڕۆژی چوارشەممە، 17ـی تەمموزی 2024،  دیمیترۆ بوهاتیوک، سەرۆکی بەشی ونبووان لە وەزارەتی بەرگری ئۆکرانیا ڕایگەیاند، لە سەرەتای دەستپێکی شەڕەوە تاوەکو ئێستا 51 هەزار کەس لەو وڵاتە بزر بوونە، ئەمەش سەرباز و هاووڵاتی مەدەنی دەگرێتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژئاوا باسی لەوە کردووە، ژمارەی سەربازە کوژراوەکانی ڕووسیا زیاتر لە 200 هەزار سەرباز بووە، ڕووسیاش ئەو ژمارەیە ڕەت دەکاتەوە.

 

Fly Erbil Advertisment