پاش زیاتر لە 10 مانگ، بڕیارە خوێندنەوەی یەكەم بۆ یاسای لێبوردنی گشتی بكرێت
دوای چاوەڕوانیی زۆری سوننەکان، یاسای لێبوردنی گشتیی خرایە بەرنامەی دانیشتنەکانی پەرلەمانی عێراقەوە، پەرلەمانی عێراق سبەینێ كۆ دەبێتەوە و یەکێک لەو تەوەرانەی بڕیارە گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت، هەمواری دووەمی یاسای لێبوردنی گشتییە.
عەرەبی سوننە لایان وایە ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتیی ناوچە زۆرینە سوننەنشینەکان بە ناڕەوا زیندانی کراون. هەروەها دەرکردنی یاسای لێبووردنی گشتی یەکێک لە مەرجە سەرەکییەکانی سوننە بوو بۆ بەشداریی لە کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەممەد شییاع سوودانی.
پێشتر لیژنەی یاسایی پەرلەمان داوایەکی ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کردبوو بۆئەوەی هەموارکردنەوەی یاسای لێبوردنی گشتیی بخرێتە کارنامەی پەرلەمانەوە، بەڵام بەهۆی ناکۆکی سیاسی و دواکەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی پەرلەمان ئەم كارە نەكرا.
لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق لە مانگی ئەیلوولی ڕابردووەوە خوێندنەوەی یاسای لێبوردنی گشتی تەواو كردووە و بەرزكراوەتەوە بۆ دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان، ئێستا دوای زیاتر لە 10 مانگ بڕیارە خوێندنەوەی یەكەمی بۆ بكرێت.
پڕۆژەیاساکە، خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ دەکرێت، ئەوکات فراکسیۆن و پەرلەمانتاران سەرنج و تێبینی و داواکاریی خۆیان پێشکەش دەکەن، بۆئەوەی لەنێو پڕۆژەکەدا جێگەیان بکرێتەوە و دواتر بۆ پەسەندکردنی دەخرێتە دەنگدانەوە.
بە گوتەی نوێنەرانی پێکهاتەی سوننە، بەرنامەی حکوومەت بریتییە لە دەرکردنی یاسای لێبوردنی گشتیی، ههڵوهشاندنهوهی دهستهی لێپرسینهوه و دادپهروهری، پشکنینی ئەمنی لە پارێزگاکانیان و هەڵوەشاندنەوەی ئەو لیژنە ئەمنیانەی مایەی نیگەرانی سوننەكانن، ئهمه لهكاتێكدایه لایەنە سیاسییەكان لەسەر برگەی پۆلێنکردنی تیرۆر ناكۆكن. سوننەکان پێیانوایە خەڵكێکی زۆری سوننە بەبێ تاوان دەستگیر کراون، بەڵام بەشێک لە هێزە شیعەکان دژی دەرکردنی یاساکەن و پێیان وایە ئەم یاسایە رێگە خۆشكەرە بۆ ئازادكردنی تیرۆریستان و ئەو كەسانەی ھاوكاری تیرۆرییان كردووە.