دەیان ڕاهێنراوی پاڵاوگەی کەربەلا داوای دامەزراندن دەکەن

خۆپیشاندانی ڕاهێنراوانی پاڵاوگەی نەوتی کەربەلا
خۆپیشاندانی ڕاهێنراوانی پاڵاوگەی نەوتی کەربەلا

دەیان ڕاهێنراوی پاڵاوگەی سووتەمەنی پارێزگای کەربەلا، لەبەردەم پاڵاگەوکە گردبوونەتەوە و بە خۆپیشاندان و ناڕەزایی دەربڕین داوای دامەزراندن دەکەن.

ژمارەیەک لە ڕاهێنراوانی پرۆژەی پاڵاوگەی کەربەلا، دوای تەواوکردنی خولێکی شەش مانگەی ڕاهێنان لەسەر کار و چالاکییەکانی پاڵاوگەکە گردبوونەتەوە و داواکارییەکیان لە ڕێگەی مێدیا عێراقییەکان ئاراستەی محەممەد شییاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە بۆ ئەوەی چاو بە دۆسیەکانیاندا بخشێنێتەوە بڕیار لەسەر دامەزراندنیان بدات.

خۆپیشاندەرەکان ئاماژەیان داوە، جیا لە تەواوکردنی خولێکی شەش مانگەی ڕاهێنان، نزیکەی پێنج ساڵیشە لەو وێستگەیە کار دەکەن و بەرپرسانیش بەڵێنی دامەزراندنیان پێداون بەو مەرجەی خولەکەیان تەواو بکەن.

هەروەها ڕایانگەیاندووە، درێژە بە خۆپیشاندانی مەدەنیانەی خۆیان دەدەن و جگە لە مافی دامەزراندن، هیچ داواکارییەکی زیاتریان نییە.

ئەمەش لە کاتێکدایە بودجەی گشتیی 2024 لە پەرلەمان پەسەندکراوە و بەهۆی زیادبوونی خەرجییەکان و کورتهێنانی داهات، هیچ دامەزراندنێکی بۆ دامەزراوە حکوومەت دانەناوە و بە پێچەوانەوە هاووڵاتییانی هانداوە بۆ بە دەستهێنانی هەلی کار لە کەرتی تایبەت.

Fly Erbil Advertisment