شێروان دووبەردانی: ڕێککەوتن لەسەر هەمووارکردنی یاسای لێبوردنی گشتی هەیە

شێروان دووبەردانی، ئەندام پەرلەمانی عێراق
شێروان دووبەردانی، ئەندام پەرلەمانی عێراق

پەرلەمانتارێکی عێراق ڕایگەیاند، دوێنێ سەرۆک و جێگری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لەگەڵ سەرۆک فراکسیۆن و سەرۆک لیژنەکانی پەرمان کۆبوونەوە و ڕێککەوتنیان لەسەر زۆر بابەت کردووە، یەکێکیش لەوبابەتانە هەموارکردنی یاسای لێبوردنی گشتییە.

سێشەممە، 23ـی تەمموزی 2024، شێروان دووبەردانی، ئەندام پەرلەمانی عێراق، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، کۆبوونەوەی دوێنێ سەرۆک و جێگری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لەگەڵ سەرۆک فراکسیۆن و سەرۆک لیژنەکانی پەرمان کۆبوونەوە و ڕێککەوتنیان لەسەر زۆر بابەت کردووە، یەکێکیش لەوبابەتانە هەموارکردنی یاسای لێبوردنی گشتییە.

ئەو ئەندام پەرلەمانە دەڵێ، "خۆی ئەو یاسایە یەک مادەیە بۆ ئەوەی هەواڵدەری نهێنی"مخبر سری" لاببرێت کە زیاتر لە 9 هەزار کەس لە زیندانن لەسەر بابەتی هەواڵدەری نهێنی، ئەو هەمووارکردنە لە چوارچێوەی بەرنامەی حکوومەت بوو، کاتێک حکوومەتی عێراق پێکهات ڕێککەوتن کراوە لە نێوان سووننە، شیعە و کورد، هەرچەندە چەندان جار لەلایەن شیعەوە فشارێکی زۆر کرایە سەر پەرلەمان کە ئەو هەموواکردنە نەکرێت".

ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت: "دوا کۆبوونەوە دوێنێ بوو و تێبینییەکی زۆر هەیە، ڕەنگە هەندێک لایەنی سیاسی بەتایبەت برایانی شیعە هەوڵبدەن خوێندنەوەی یەکەم نەکرێت، بەڵام گرنگ ئیدارەی دەوڵەت و سەرکردە و لایەنی سیاسیی، کورد و سووننە، شیعەن کە ڕەزامەندی لەسەری بدەن و خوێندنەوەی یەکەمی بۆ بکرێت".

شێروان دووبەردانی ڕاشیگەیاند، کە "دوێنێ سەرۆکی لیژنەی هەرێم و پارێزگاکان بەفەرمی داوای لە سەرۆک و جێگری کردووە، کە پرۆژە یاسای دەنگدان لەسەر هەڵەبجە بکرێتە خشتەی پەرلەمان لە دانیشتنەکانی ئایندەدا. هەندێک لە ئەندامانی پەرلەمان تێبینیان هەبوو لەسەر شارۆچکەی تەلەعفەر، سەرۆکی لیژنەش ڕوونی کردەوە کە ئەو بابەتە پەیوەندی بە تەلەعفەرەوە نییە. ئەوە تایبەتە بە هەرێمی کوردستان و هەرێمی کوردستانیش هەموو لێکۆڵینەوەیەکی یاسایی جێبەجێ کردووە، ڕێککەوتنیش لەسەری کراوە،  بەفەرمی موحسین مەندەلاوی، سەرۆکی پەرلەمان بە وەکالەت بڕیاریدا لە دانیشتنەکانی داهاتوودا دەکەوێتە پرۆسەی دەنگدان و دەنگی لەسەر بدرێت".