10 هەواڵ بە کورتی

کورتە هەواڵ (دیزاین: کوردستان24)
کورتە هەواڵ (دیزاین: کوردستان24)

بەشێکی هەواڵەکانی ئەمڕۆ سێشەممە، 23-07-2024ـی باشوور، باکوور، ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای کوردستان، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان بە کورتی.

1. کۆمیسیۆنی عێراق ڕەتی دەکاتەوە هیچ کاندیدێکی پارتیی دوور خستبێتەوە

سێشەممە، 23-07-2024، د. عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی ڕۆژنامەوانیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران هیچ بڕیارێکی بۆ دوورخستنەوەی هیچ کاندیدێکی پارتی و تەنانەت کاندیدانی حزبە سیاسییەکانی دیکەش لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، دەرنەکردووە.

2. دەستکاری لە گرێبەستە نەوتییەکان دەکرێت

د. سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ڕێککەوتن لە نێوان وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان کراوە بۆ ئەوەی دووبارە گرێبەستە نەوتییەکان دەستکاریی بکرێن.

3. سوودانی بۆ دامودەزگاکانی حکوومەت: پەکەکە وەکو ڕێکخراوێکی "قەدەغەکراو" بناسێنن

محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، لە نووسراوێکی فەرمیدا، داوا لە وەزارەت، دامەزراوە و فەرمانگەکانی سەر بە حکـوومەت دەکات، لە لێدوان و نووسراوە فەرمییەکانیاندا پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) وەکو ڕێکخراوێکی "قەدەغەکراو" بناسێنن.

4. ئاماده‌كاریی بۆ دابه‌شكردنی زه‌وی به‌سه‌ر فه‌رمانبه‌راندا دەکرێت

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لەبارەی دابەشکردنی زەوی فەرمانبەران لەگەڵ کۆمەڵێک بەرپرسی ئیداری و شارەوانی شارەکە کۆبووەوە و باسیان لە نەخشە و پلانی کەمکردنەوەی کرێچی و گەیاندنی خزمەتگوزارییەکان بەو زەویانە خستە ڕوو.

5. دەست بە سەر 44 'مەلزەمە'ی ڕووپۆشکراو بە ماددەی هۆشبەردا گیرا

بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان، دەستی بەسەر 44 'مەلزەمە'ی ڕووپۆشکراو بە ماددەی هۆشبەر لە جۆری (کریستاڵ)دا گرت و ڕایگەیاند، بازرگانان ویستوویانە بە تەکنیکێکی نوێ ماددە هۆشبەرەکان بە شێوەی ترانزێت بیهێننە هەرێمی کوردستان و بیگوازنەوە بۆ بەریتانیا.

6. داوای گۆڕینی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکرێت

ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی  ڕاگەیاند، "ئێمە لەگەڵ ئەوەداین هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بکرێت، بە بەشداریی هەموو لایەنێک و پێکهاتەکان و پێویستە فراکسیۆنەکان لە دوای هەڵبژاردن کە دەچنە ناو پەرلەمانی کوردستان، کار لەسەر گۆڕینی یاسای هەڵبژاردن بکەن".

7. ڕێککەوتن لەسەر هەمووارکردنی یاسای لێبوردنی گشتی کراوە 

 شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ڕۆژی دووشەممە، 22-07-2024، سەرۆکی بە وەکالەت و جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لەگەڵ سەرۆک فراکسیۆن و سەرۆک لیژنەکانی پەرمان کۆبوونەوە و ڕێککەوتنیان لەسەر زۆر بابەت کردووە، یەکێکیش لەوبابەتانە هەموارکردنی یاسای لێبوردنی گشتییە.

8. هیومان ڕایتس وۆچ: تا ئێستە قەرەبووی ئاوارەکانی شەنگال نەکراوە

ڕێكخراوی هیومان ڕایتس وۆچ، ڕایده‌گه‌یه‌نێت، ڕێز له‌و به‌ڵێنانه‌ نه‌گیرا كه‌ بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی خه‌ڵكی شنگال درابوون. ئاماژه‌ی به‌وه‌ش داوه‌، زیاتر لە 10 هەزار خێزان داوای قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌یان پێشكه‌شی فه‌رمانگه‌ی دارایی پارێزگای نه‌ینه‌وا كردووه‌، كه‌چی تاكو ئێستە قه‌ره‌بوویان نه‌كراوه‌ته‌وه‌.

9. بۆردوومانێکی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە سەدان قوربانی لێ کەوتەوە

لە ئەنجامی هێرشێکی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر خان یونس، لە باشووری کەرتی غەززە، لانیکەم 77 کەس کوژران و زیاتر لە 200 کەسییش بریندار بوون.

10. بایدن بەڵێنی ڕاگرتنی شەڕی غەززە دەدات

جۆو بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا شەش مانگی لە پۆستەکەیدا ماوە و بەڵێنی دا کۆتایی بە شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس  بهێنێت و بارمتەکانیش بگەڕێنێتەوە.