تیپی مۆسیقای باواجی کۆیە بەرهەمێکی نوێیان بڵاوکردەوە

تیپی مۆسیقای باواجی کۆیە، نوێترین بەرهەمی خۆیان بەناوی "گەشتێک بەنێو گۆرانییە ڕەسەنەکانی کۆیە" بڵاوکردەوە.
چوارشەممە، 24ـی تەمموزی 2024، سەنگەر عەبدولخالق، ئامادەکاری ئەو بەرهەمە نوێیە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەو بەرهەمە نوێیەی تیپی مۆسیقای باواجی کۆیە، لە ئامادەکردنی خۆمە و هەڵوێست وشتیار کاری ئەرانجمێنتی کردووە و کۆرسی مۆسیقاکە لەلایەن محەمەد ئیدریس، بۆی کراوە و ئەحمەد ڕەمەزان، کاری ئیدیتی بەرهەمەکەی کردووە و ڤیدیۆ کلیپی بەرهەمەکە لەلایەن ئادەم کەریم، بەشدار ئاری، بۆی کراوە و لەلایەن ڕزگار زاهیر، کاری دەرهێنانی بۆ ڤیدیۆ کلیپی بەرهەمەکە کردووە.
سەنگەر عبدولخالق، ئامادەکاری بەرهەمەکە ڕاشیگەیاند، "تیپی مۆسیقای باواجی کۆیە خاوەنی 30 بەرهەمە و 11 ئەندامی تیپی مۆسیقا و 8 گۆرانیبێژی تایبەت بە تیپەکە هەیە، لەزۆربەی بەرهەم و چالاکییە هونەرییەکانی تیپەکە بەشدارن".
تیپی مۆسیقای باواجی کۆیە، گرووپێکی مۆسیقی کوردی بوو کە ساڵی 1957 لە کۆیە و بە سەرپەرشتی ئەندریۆس خەمۆ دامەزرا. ئەم تیپە لە سەرەتادا گرووپی میوزیکی قوتابخانەی کوڕانەی کۆیە بوو، کە دواتر لە ساڵی 1958 بە ناوی تیپی مۆسیقای باواجی دەرکەوت و لە 27ی ئازاری ھەمان ساڵ یەکەم کۆنسێرتی خۆی لە قوتابخانە بەڕێوە برد.