بیارە بەشداری کێبڕکێیەکی جیهانی دەکات

وێنەی شارەدێی بیارە
وێنەی شارەدێی بیارە

ماوەی دووڕۆژە شاندێکی دەستەی گەشتوگوزاری حکوومەتی عێراق، سەردانی شارەدێی بیارەیان کردووە، بۆ بەدواداچون سەبارەت بەو داوایەی کە بەرپرسانی پارێزگای هەڵەبجەو شارەدێی بیارە پێشکەشیان کردووە، بۆ ناساندنی شارەدێی بیارە وەکو گوندێکی گەشتیاری ئەندامێکی شاندەکە دەڵێ شارەدێی بیارە ناوچەیەکی گەشتیاری دڵڕفێنەو بەڕێوەبەری شارەدێیەکەش دەڵێت، "زۆرێک لەمەرجەکانی بون بە گوندی گەشتیاری لە شارەدێی بیارە هەیە".

ئەندامانی شاندی دەستەی گەشتوگوزاری عێڕاق ماوەی دوو ڕۆژە لە شارەدێی بیارەن بۆ بەدواداچونی زیاتر بۆ ئەو داوکارییەی کە پێشکەشیان کراوە بۆ ئەوەی شارەدێی بیارە وەکو گوندێکی گەشتیاری بناسرێت دواتر شاندەکە سەردانێکى مەیدانى ناو بیارەیان کرد دیمەنی ناوازەی شارەدێکە و ناوچە گەشتیارییەکانی سەرنجی ئەندامانی لیژنەکەی ڕاکێشابوو هەر بۆیە خواستی کڕینی کاڵاکانی نێو دوکانەکانی بیارەیان کردو ئەندامێکى لیژنەکە پێى وایە شارەدێی بیارە، ئەو تایبەتمەندیەی تێدایە بتوانێت کێبڕکێى ئەو پێشبڕکێە بکات کە پێشبڕکێیەکی جیهانییە و ئەم ساڵ لە ووڵاتی سعودییە بە ڕێوەدەچێت و نەتەوەیەکگرتوەکان سەرپەرشتی دەکات.

ئەیاد کازم، بەڕێوەبەری بەشی پلاندانان لەدەستەی گەشتوگوزاری عێراق، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، سەردانێکی مەیدانیمان کرد لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزار، تایبەت بەو شوێنانەی کە تایبەتن بە شارەدێیەکە. هەروەها چودێری تایبەتمەندییەکانمان کرد، کە ئەو گوندە هەیەتی لەلایەن ئابووری کۆمەڵایەتی و کشتوڵ و گەشتوگوزاری، لە نزیکیشەوە چاومان کەوت بە بەرپرسانی شارەدێی بیارە، گفتوگۆشمان لەسەر هەندێک بابەت کرد بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هەڵسەنگاندنی تایبەت بە گوندەکە بە جۆرێک بتوانێت بەشداری پێشبڕکێکە بکات.

لە هەرێمی کوردستان شارەدێی بیارە و شارۆچکەی ڕەواندوز دیاری کراون، بۆ ئەوەی بەشداری ئەو پێشبڕکێیە بکەن  ئەگەر بێت و بیارە نازناوی گوندی گەشتیاری پێبدرێت ناوی دەچێتە لیستی ناوی ئەو گوندانەی کە لەجیهاندا بە گوندی گەشتیاری ناسێنراون ئەوەش وا دەکات گەشتیارێکی زیاتر ڕوو لەناوچەکە بکەن، هەلیکاری زیاتریش دەڕەخسێت و بوژانەوەیەکی باشی ئابووریش ڕوو لە ناوچەکە دەکات.

پڕۆژەکە گەشتوگوزاری هەڵەبجە پرۆژەکەی ناردووە بۆ دەستەی گەشتوگوزار هاوکات مەرجەکانی دەستەی گەشت و گوزار پێکدێن لە 15 خاڵ کەسەرەکیترینیان ئەوەیە ئەو شوێنەی نازناوی گوندی گەشتیاری پێ دەبەخشرێت ژمارەی دانیشتوانەکەی لە 15 هەزار کەس کەمتر نەبێت.

حەمید بارام، بەرێوەبەرى شارەدێی بیارە ، گوتی، "کۆمەڵێک میعیار بوو بۆ ئەو گوندانەی کەوەک گوندی گەشتیاری دەناسێنرێن دیارە زۆربەی زۆری ئەو معیارانەی باس کران لە بیارەدا هەیە، وەکو هەڵکەوتەی جوگرافی ئاوهەوای شوێنی ئاینیی ناوچەی شوێنەوار سەرچاوەی ئاوی پێک هاتە ئایینیەکانی ئیشی دەستە زۆربەی زۆری ئەو شتانەی ئەوان باسیان کردووە، ئێمە بە زیاترەوە هەمانە".

ناوچە گەشتیارییەکانی هەورامان بەردەوام جێگای سەرنجی گەشتیاران بووە، هاوکات ئەو شاندەی دەستەی گەشت و گوزاری عێراقیش ئەوەیان دوپات کردەوە کە ناوچە گەشتیارییەکانی شارەدێی بیارە، بنەماکانی نازناوی گوندی گەشتیارییان تێدایە و ئەگەر ئەو نازناوەشی پێبەخشرا ئەو کات ڕێژەیەکی زیاتری گەشتیار سەردانی ئەم ناوچەیە دەکەن.