گوتەبێژی ئاکپارتی: وادەی کۆبوونەوەی ئەردۆغان و ئەسەد دیاری نەکراوە

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا (ڕاست) و بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا (چەپ) لەگەڵ ئاڵاکانی هەردوو وڵات
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا (ڕاست) و بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا (چەپ) لەگەڵ ئاڵاکانی هەردوو وڵات

ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی تورکیا و سووریا لەگەڵ تێپەڕبوونی خێراتر دەبێت و پێشهاتی نوێ هەن. گوتەبێژی پارتی دەسەڵاتداری تورکیاش دەڵێت، هەوڵ دەدرێت لە هاوینی ئەمساڵدا دەرگای پەیوەندییەکانی تورکیا و سوریا بکرێنەوە.

جووڵەیەکی زۆر لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی تورکیا و سووریا هەیە، جگە لە تورکیا و سووریا، وڵاتانی پاڵپشتیکار لەو بابەتە دەیانەوێت تا کۆتایی ئەمساڵ ئەردۆغان و ئەسەد یەکتر ببینن.

عومەر چەلیک، گوتەبێژی ئاکپارتی لەو بارەوە ڕایگەیاند، دیدارەکەی ئەردۆغان و ئەسەد پێویستی بە کاتە.  گوتیشی، "پرسەکە ئێستا لەلایەن دەزگای هەواڵگریی هەردوولا کاری لەسەر دەکرێت و هیچ وادەیەک بۆ دیداری هەردوو سەرۆک دیاری نەکراوە. تەنیا نیەتێک هەیە و هەوڵ دەدرێت لە هاوینی ئەمساڵدا دەرگای پەیوەندییەکانی تورکیا و سوریا بکرێنەوە".

هاوکات هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە چاوپێکەوتنێکیدا کە لەگەڵ سکاینیوز کردوویەتی، دەڵێ، تورکیا ئامادەیە لە هەر ئاستێکدا بێت، دەست بە دانوستاندن بکات. جەختیشی لەوە کردووەتەوە " پێویستە خاکی سووریا لە تیرۆر دابماڵڕێت و ئەو ناوچانەی کە لەلایەن ئۆپۆزسیۆنەوە کۆنترۆڵکراون، لەسەر بنەمای بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان قسەیان لەسەر بکرێت".

ڕووسیاش هەوڵێکی زۆر دەدات بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان بەشێوەیەک، سێرگی ناریشکین، سەرۆکی هەواڵگریی دەرەوەی ڕووسیا سەردانی ئەنقەرەی کردووە و پێداگیریی لە پرۆسەی ئاساییکردنەوە دەکات.

لایەنەکان جەخت لەوە دەکەنەوە، تا ئێستا هیچ ڕێککەوتێک بۆ دیداری ئەردۆغان و ئەسەد دەستنیشان نەکراوە، بەڵام جگە لە ڕووسیا، عێراقیش دەستپێشخەریی کردووە و بەغدا یەکێک لەو ناونیشانە پێشنیازکراوانە بۆ کۆبوونەوەکەی ئەردۆغان و ئەسەد. ئەوەی هەیە ئەوەیە، لایەنەکان دەیانەوێت تا کۆتایی ئەمساڵ، دۆسیەکە یەکلایی بکەنەوە.