سبەینێ مووچەی مانگی حوزەیرانی وەزارەتی کارەبا دابەش دەکرێت

مووچە
مووچە

K24 - هەولێر:

 وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: سبەینێ مووچەی مانگی حوزەیرانی وەزارەتی کارەبا لە داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی مانگی ئایار دابەش دەکرێت. 

چوارشەممە 24ـی تەمووزی 2024، وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: لەگەڵ بەغدا لە هەوڵدان کێشە تەکنیکییەکان چارە بکەن و لە مانگەکانی داهاتوو ئەم گرفتە نەبێتە هۆی دواکەوتنی مووچەی وەزارەتەکە

هاوکات ئاماژەی بەوە دا: سبەینێ مووچەی مانگی حوزەیرانی وەزارەتی کارەبا دابەش دەکرێت، وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ هیچ تەمویلێکی بۆ مووچەی مانگی ئایار و حوزەیرانی وەزارەتی کارەبا و پەرلەمانی کوردستان نەناردووە و مووچەی هەردوو مانگەکە لە داهاتی ناوخۆ دابین کراوە.

وەزارەتی دارایی جەختی لەوە کردەوە، بەردەوامن لە هەوڵەکانی بۆ لابردنی ئاستەنگەکانی بەردەم مووچەی ئەو دوو دامەزراوەیە، بۆ ئەو مەبەستە لەهەماهەنگی و پەیوەندی بەردەوامدایە لەگەڵ تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی و وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ. 

ڕۆژی 9ـی تەمووزی 2024، وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی خەرجنەکردنی مووچەی فەرمانبەرانی وەزارەتەکە ڕوونکردنەوەیەکی بڵاو کردەوە، تێیدا هاتبوو "وەزیری كارەبا لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەكان لەسەر هێڵە بۆ چارەكردنی خێرای ئەو كێشەیەی بووەتە هۆی خەرجنەكردنی مووچەی فەرمانبەرانی وەزارەتەکە".

وەزارەتی کارەبا فەرمانبەرانی ئاگادار کردەوە، کە وەزارەتەکە بە نووسراوی فەرمی ئەو تێبینییانەی لە ڕاپۆرتی هەردوو دیوانی چاودێریی فیدراڵی و هەرێمدا هاتبوو، چارەكردووە و لەم پێناوەشدا خەرجیی مووچە و تەواوی شایستە داراییەكانی پۆلیسی كارەبای هەرێم لەسەر میلاكی وەزارەتی کارەباوە بۆ سەر میلاكی وەزارەتی ناوخۆ گواستراوەتەوە.