تورکیا ژمارەیەک 'زەمالە'ى خوێندن پێشکەش بە قوتابیانی کوردستان دەکات

ٍٍشاندی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان لە تورکیا
ٍٍشاندی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان لە تورکیا

دامەزراوەیەکی تایبەتی خوێندنی باڵای تورکیا، کورسیی خوێندن بە 'زەمالە' بۆ قوتابیانی هەرێمی کوردستان  دابین دەکات.

لە درێژەى سەردانەکەیاندا بۆ تورکیا، شاندی وەزارەتی خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستىی حکوومەتى هەرێمى کوردستان و سەرۆکى دامەزراوەى (YTB) کۆبوونەوە، دامەزراوەکە 'زەمالە'ی خوێندن بۆ فێرخوازان لە سەرجەم وڵاتانى جیهان دابین دەکات، بریاری دا ژمارەیەک 'زەمالە'ى دیکەى خوێندن پێشکەش بە قوتابیانی هەرێمى کوردستان بکات.

چوارشەممە24ـی تەممووزی 2024، شاندی وەزارەتی خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێمی کوردستان لەگەڵ عەبدولڵا ئیرن، سەرۆکى دامەزراوەى (YTB) و بەرپرسانى دیکەى دامەزراوەکە کۆبوونەوە، دامەزراوەکە پێشتر چەندین 'زەمالە'ى خوێندنى بە فێرخوازان لە هەرێمى کوردستان بەخشیووە.

شاندی وەزارەتی خوێندنى باڵا سوپاسى دامەزراوەى (YTB) یان کرد بۆ رەخساندنى دەرفەتەکانیان بە هەرێمى کوردستان، چونکە ئەو فێرخوازانەى لە ڕابردوودا لەم 'زەمالە' سودمەند بوون، لە ئێستادا گەڕاونەتەوە و لە دامەزراوەکانى هەرێمى کوردستان خزمەت دەکەن.

شاندی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەریمی کوردستان داواشى کرد، 'زەمالە'ى خوێندنی زیاتر بۆ قوتابیانی خوێندنى باڵا لە هەرێمى کوردستان دەستەبەر بکەن.

لەلایەن خۆیەوە سەرۆکى دامەزراوەی (YTB) ئاماژەی بەوە کرد کە بە گرنگیی و بایەخەوە لە هەرێمی کوردستان دەڕوانن و چاویان لەوەیە پەیوەندییە زانستییەکانیان لە بوارى خوێندنى باڵا لەگەڵ هەرێمى کوردستان توندوتۆڵتر بکەن.

لەو چوارچێوەیەشدا سەرۆکى دامەزراوەکە ڕاگەیاند: 'زەمالە'کانی خوێندن بۆ هەرێمی کوردستان فراوانتر دەکرێن و لەسەر سێ ئاست کورسیی خوێندن دەبەخشنە وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمى کوردستان، بەشێکیان بۆ فەرمانبەرانى حکومەت، بەشێکی دیکەش بۆ مامۆستایانى زانکۆ، هەرەوها بەشێک تایبەت دەبێت بە ڕاهێنانى دیبلۆماتکاران، بۆ ئەم مەبەستەش پرۆتۆکۆڵى لێکگەیشتنى هاوبەش لە نێوان هەردولا ئیمزا دەکرێت.

Fly Erbil Advertisment