ترەمپ: کامالا دەست بۆ هەر شتێک ببات وێرانی دەکات

سەرەڕای ئەوەی تا ئێستە کامالا هاریس وەک کاندیدای دیموکراتەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا دەستنیشان نەکراوە، بەڵام لێدوان و هێرشکردنە سەر یەکتری لەنێوان دۆناڵد ترەمپ، کاندیدای کۆمارییەکان و کاماڵا هاریس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا دەستی پێ کردووە.
ترەمپ دەڵێت: "کامالا دەست بۆ هەر شتێک ببات وێرانی دەکات".
کاماڵاش دەڵێت، "ترەمپ کەسێکی فێڵبازە و هەوڵ دەدات ئەمەریکا بەرەو دواوە ببات".
تا ئێستە بە تەواوی دوو کاندیدە سەرەکییەکەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا دەستنیشان نەکراون، بەڵام ئەگەری زۆرە پێشبڕکێیەکە لەنێوان دۆناڵد ترەمپ، کاندیدی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا و کامالا هاریس، جێگری سەرۆکی ئەو وڵاتە بێت، سەرەڕای ئەوەش هێرش و لێدوانی توندی ترەمپ و هاریس دەستی پێ کردووە.
دۆناڵد ترەمپ، کاندیدای دیموکراتەکان لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا، لە یەکێک لە بانگەشەکانی بە کامالا هاریس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت، وەک بەردێک گەمژەیە و وەک شێتیش پێدەکەنێت.
دەشڵێت لەڕێگەی هەواڵی نادروستەوە هەوڵدەدەن کامالا هاریس، کە جێگرێکی شکستخواردووی سەرۆکی ئەمەریکا بووە، بیکەن بە سەرۆکێکی مەزن.
ترەمپ لەبارەی کاماڵا دەڵێت، "دەست لە هەر شتێک بدات وێرانی دەکات".
هەروەها ڕایگەیاند "بەراورد بە جۆو بایدن، شکستپێهێنان بە کامالا هاریس لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئاسانتر دەبێت".
لە بەرامبەردا کامالا هاریس، دەڵێت: "ڕووبەڕووی چەندان تاوانبار بوومەتەوە، وەک کەسانێک بە خراپی مامەڵەیان لەگەڵ ئافرەتان کردووە، کەسانی فێڵباز کڕیارانیان فریو داوە، دەشڵێت دەزانم دۆناڵد ترەمپ چ جۆرە کەسێکە".
هاریس ئاشکرای دەکات، زانکۆکەی ترەمپ قوتابیەکانی فریوداوە و هەروەها 34 تۆمەتی تاوانی فریودانی بەسەر ساغ بووەتەوە.
ئاماژەی بەوەش دا "ترەمپ هەوڵدەدات وڵاتەکەمان بەرەودواوە ببات، ئەجێنداکەی لە پڕۆژەی 2025 چینی مامناوەند لاواز دەکات".
بڕیارە لە 5ی تشرینی دووەمی 2024 هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا بەڕێوە بچێت، ڕاپرسییەکان دەری دەخەن دۆناڵد ترەمپ، زۆرترین ئەگەری کاندیدی هەڵبژاردنە سەرەتاییەکانی پارتی کۆمارییەکانە