سوپای ئیسرائیل دۆزینەوەی تەرمی پێنج بارمتەی لە خان یونس ڕاگەیاند

سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، دوێنێ چوارشەممە هێزەکانیان لە ئۆپەراسیۆنێکدا تەرمی پێنج بارمتەیان دەرهێنایەوە، کە لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023 لە هێرشەکەی حەماسدا کوژران و بردرابوون بۆ کەرتی غەززە.
ڕادیۆی سوپا بڵاوی کردەوە، مایا گۆرین، مامۆستای باخچەی ساوایانی تەمەن 56 ساڵ، لە کاتی هێرشکردنە سەر کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی کوژرا، هەروەها لە ڕووبەڕووبوونەوەکاندا چوار کەسی دیکە کوژران کە یەکێکیان سەربازی یەدەگ بوو سێ کەسەکەی دیکەش سەربازانی تەوزیمی بوون.
ئاماژەی بەوەش کرد، لەکاتی ئۆپەراسیۆنێکی سوپای ئیسرائیل تەرمەکان لە ناوچەی خان یونس لە باشووری غەززە دەرهێنراون، دەشڵێ: ئەو پێنج بارمتە وەک ئەو 120 بارمتەیە سەیرکراون کە هێشتا لە غەززە دەستبەسەرن. ئیسرائیل بە پشتبەستن بە ئەنجامی پشکنینی پزیشکی دادوەری لە شوێنە جیاوازەکانی هێرشکردن و گوتەی بارمتە ئازادکراوەکان، مردنی گریمانەیی نزیکەی 40 کەسیان ڕاگەیاندووە.
ڕۆژی چوارشەممە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە وتارێکدا لەبەردەم کۆنگرێسی ئەمەریکا ڕایگەیاند، حکوومەتەکەی چالاکانە سەرقاڵی هەوڵ و تەقەللایە بۆ ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکان، دڵنیایە لەوەی ئەو هەوڵانە تاجی سەرکەوتنیان لەسەر دادەنرێت.
هاوکات بەرپرسێکی ئیسرائیلیش ڕوونی کردەوە، شاندێکی ئیسرائیلی بەشداری دانوستانەکانی بۆ گەیشتن بە ئاگربەست لە غەززە و ئازادکردنی بارمتەکان دەکات، کە هەفتەی داهاتوو بە ناوبژیوانی ئەمەریکا و میسر و قەتەر بەڕێوە دەچێت.