وەزارەتی کشتوکاڵ خولی بەرهەمهێنانی شیرەمەنی بۆ ئافرەتان دەکاتەوە

ژمارەیەک ئافرەتی بەشدار لە خولەکە
ژمارەیەک ئافرەتی بەشدار لە خولەکە

وەزارەتی کشتوکال و سەرچاوەکانی ئاو، خولی بەرهەمهێنانی شیرەمەنی بۆ ئافرەتانی شارە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان دەکاتەوە.

بە مەبەستی پەرەپێدانی تواناکانی ئافرەتان، وەزارەتی کشتوکال و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە هاوکاریی لەگەڵ بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNDP) چەند خولێکی بەرهەمهێنانی شیرەمەنی بۆ دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان دەکاتەوە؛ تاوەکوو بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان، پشت بەخۆیان ببەستن.

عەبدولباست ئەمین، سەرپەرشتی پرۆژەکە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "خولەکە سەرەتا، ڕۆژی دووشەممە، 22-07-2024، لە شاری دهۆک دەستی پێ کرد و ئەمڕۆ پێنجشەممە، 25-07-2024 کۆتایی پێ دێت؛ بڕیارە چوارشەممەی داهاتوو، 31-07-2024 لە هەڵەبجە دەست پێ بکەین و دوای تەواوبوونی، دەستبەجێ، ڕۆژی یەکەشەممە، 04-08-2024، لە شاری سلێمانی دەست پێ دەکەین".

عەبدولباست ئەمین، باسی لەوەش کرد "خولەکە لە شارەکانی هەڵەبجە، ڕاپەڕین، سۆران، ئاکرێ و هەولێریش بەڕێوە بچێت، بەڵام تاوەکو ئێستا وادەی بەڕێوەچوونی خولەکە لە پێنج شارەی هەرێمی کوردستان دەستنیشان نەکردووە".

سەرپەرشتی پرۆژەکە جەختی لەوە کردەوە "بەهێزکردنی بەرهەمهێنانی شیرەمەنی ناوخۆیی لایەنێکی پێویستە بۆ زیادکردنی خۆڕاگریی کەرتی کشتوکاڵ لە بەرامبەر هەر قەیرانێکی ئابووری یان مرۆیی. تێبینی دەکرێت لە 'هەرێمی کوردستان' هەڵاوسانێکی زۆر هەیە و ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک لە جیهاندا.

ناوبراو بە پێویستی دەزانێت، جووتیاران ئاستی بەرهەمەکانیان فراوانتر بکەن بۆ ئەوەی خۆراک و داهاتی پێویست بۆ خێزانەکانیان دابین بکەن. "کەرتی ئاژەڵداری هێشتا پێویستی بە ڕێوشوێنی دروست هەیە بۆ بەرزکردنەوەی بەرهەمی شیرەمەنی و فراوانکردنی و پەرەپێدانی".

عەبدولباست ئەمین. دووپاتی کردەوە، بەکارهێنانی باشترین تەکنۆلۆجیا و پراکتیزەکان لە پرۆسێسکردنی شیر و ماست و پەنیردا زۆر گرنگە، نەک تەنها بۆ پشتگیریکردنی جووتیارانی ناوخۆیی، بەڵکوو بۆ ئەوەی پشتبەستن بە بەرهەمە بیانییەکان کەم بکرێتەوە و هەلی کاری زیاتر لە ناوچە گوندنشینەکان و شارەکاندا دروست بکات و گەشەی ئابووری بەرەو باشتر بچێت.

Fly Erbil Advertisment