لە یەک رۆژدا 14 جار ئاسمانی سەروەری ئاسمانی عێراق پێشلێکراوە

لە راپۆرت و نەخشەیەکی چاودێریی رۆژانەدا کە بۆ پێنجشەممە 26ـی تشرینی دووەم بڵاوکراوەتەوە و تێیدا باس لە بەزاندنی سەروەریی عێراق کراوە، هاوکات تۆمارکردنی فڕینی 14 فڕۆکەی جەنگی و درۆن لە ئاسمانی حەوت پارێزگای عێراقدا خراوەتە روو.

هەینی 27ـی تشرینی دووەمی 2026، لە دەقی چاودێرییەکەدا هاتووە فڕۆکە جەنگیی و درۆنەکان بەردەوامن لە پێشێلکردنی زەقی سەروەریی ئاسمانیی عێراق، و رایانگەیاند، فڕۆکەکان لە بنکەکانیانەوە لە ئوردن و بەدیاریکراوی لە ناوچەی زەرقاوە هەڵدەستن و بە ئاسمانی عێراقدا رێگەی گەیشتنیان بە ئامانجەکانیان دەبڕن.

بەگوێرەی ئامارە بڵاوکراوەکە، لە ماوەی یەک رۆژدا حەوت درۆن لە جۆری (MQ-9)، دوو درۆن لە جۆری (MQ-1)، دوو درۆن لە جۆری (AKINGI)، یەک فڕۆکەی جۆری (DASH-8) و دوو فڕۆکەی جۆری (RAFALE) لە ئاسمانی عێراقدا تۆمارکراون.

وەک لە نەخشە بڵاوکراوەکەدا وردەکاریی ناوچەکان نیشان دراوە، زۆرترین جووڵەی ئاسمانی لە پارێزگای ئەنبار تۆمار کراوە کە پێنج فڕین بووە و بریتی بوون لە دوو فڕۆکەی (RAFALE)، دوو درۆنی (MQ-9) و یەک درۆنی (MQ-1). هاوکات لە ئاسمانی پارێزگای سەلاحەدین فڕۆکەیەکی (DASH-8) و درۆنێکی (MQ-9)، و لە ئاسمانی پارێزگای سەماوەش درۆنێکی (MQ-9) و درۆنێکی (MQ-1) تۆمار کراون.

ئەمەش لە کاتێکدایە حکوومەتی عێراق بەردەوام جەخت لەوە دەکاتەوە وڵاتەکەی بەشێک نییە لە هیچ ململانێیەکی هەرێمی و ناوچەکە بە گشتی، هاوکات سەرۆکوەزیرانی عێراق چەندان جار رایگەیاندووە، پێویستە وڵاتانی ناوچەکە و ئەوانەشی لە جەنگ و گرژییەکان لەگەڵ ئێران تێوەگلاون و بەشدارن، سەروەریی خاک و ئاسمانی عێراق بپارێزن و هیچ پێشێلکارییەک لەو بارەیەوە ئەنجام نەدەن.