مووسڵاوییەکان لە ئازادکردنی چەکدارانی داعش لەلایەن هەسەدەوە نیگەرانن

مزگەوتی گەورەی مووسڵ
مزگەوتی گەورەی مووسڵ

دانیشتووانی مووسڵ لە دەرکردنی بڕیاری لێبوردنی گشتیی بۆ ئازادکردنی ئەندامانی ڕێکخراوی داعش لە گرتووخانەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی خۆسەری باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا و هەسەدە نیگەرانن.

لەوەتەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بڕیاری ئازادکردنی زیاتر لە هەزار و 500 ئەندامی داعشی جێبەجێ کرد، مەترسی دزەکردنی چەکدارانی داعش لە سووریاوە بۆ خاکی عێراق و بە تایبەتی سنووری پارێزگای نەینەوا بووەتە مشتومڕی خەڵک، ترسیان هەیە و زۆرینەی ئەوانەشی نیگەرانن لەوەی جارێکی دیکە داعش پەلاماری ئەو ناوچانە بداتەوە کە زیاتر لە سێ ساڵ کۆنترۆڵی کردبوون، پێکهاتەکانی کریستیان، ئێزدی، کاکەیی و شەبەکەکانن.

لە بارەی نیگەرانی پێکهاتەکان، ماجد شەبەکی، چالاکوانی مەدەنی دەڵێ "ئێمە پێکهاتەکانی شەبەک، کرستیان، ئێزدی، کاکەیی، تورکمان، ترسمان لە دووبارە سەرهەڵدانەوەی داعش هەیە وەک ئەو کارەساتەی 2014 دروست بوو، ئێستا هەسەدە ئەو چەکدارانەی ئازاد کردووە، ڕوو لە کوێ دەکەن؟ یان دێنەوە سنووری پارێزگای نەینەوا یان دەچنە هەرێمی کوردستان. هەر بۆیە پێکهاتەکانی نیشتەجێ نەینەوا ترسیان لێ نیشتووە".

هاووڵاتییەکی دیکە لە نەتەوەی عەرەب و نیشتەجێی مووسڵ بە ناوی محەممەد تەڵاڵ دەڵێت "هەر ڕێککەوتنێک یان جموجوڵێکی تیرۆریستان لە عێراق یان لە سووریا ڕاستەوخۆ کاریگەری نەرێنی لەسەر دۆخی ئەمنی و سەقامگیریی پارێزگای نەینەوا دەبێت، لەوەتەی هەواڵی ئازادکردنی ئەندامانی داعش لەلایەن هەسەدەوە بڵاوکراوەتەوە، ترس و پرس و خواسی بابەتەکە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تەنیوە و دۆخەکەی شڵەژاندووە".

ترس و نیگەرانییەکانی دزەکردنی چەکدارە ئازادکراوەکانی داعش لە گرتووخانەکانی هەسەدە بۆ سنووری عێراق، تەنیا خەڵکی ئاسایی لە دووبارە سەرهەڵدانەوەی داعش نیگەران نەکردووە، بەڵکو سوپای عێراق و ئیدارەی خۆجێی نەینەواشی گرتووەتەوە.

لەلایەن خۆیەوە محەممەد کاکەیی، سەرۆکی لێژنەی ئاسایش و بەرگریی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دەڵێ "ئەوانەی هەسەدە ئازادی کردوون هەر هەموویان لە سنوورەکانی عێراق بەرەڵا کراون و هیچ چاودێرییەکان ناکرێ، بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی دەستی حکوومەتی عێراق کەوتوون هیچ یەکێک لە داعشە ئازادکراوەکان هەڵگری ناسنامەی عێراقی نین و بەڵکو هەر هەموویان خەڵکی بیانین".

گوتیشی" ترس لە بەزاندنەوەی سنوورەکان، حکوومەتی عێراق هێزی زیاتری بە چەک و ئامێری وردی پێشکەوتوو، ڕەوانەی سنوورەکانی لەگەڵ سووریا کردووە بۆ ئەوەی بە هەموو توانا و هێزە جیاوازەکانەوە کۆنترۆلی سنوورەکان بکەن".

 لە 17ی تەممووزی 2024، ئیدارەی خۆسەر لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا (ڕۆژئاوای کوردستان) لێبوردنێکی گشتیی بۆ ئازادکردنی ئەو چەکدارە سووریانەی داعش دەرکرد گوایە دەستیان بەخوێن سوور نەبووە.

لە قۆناغی یەکەمی جێبەجێکردنی بڕیارەکە زیاتر لە هەزار و 500 چەکداری ئازاد کرد، گوایە بڕیارەکە لەسەر داواکاریی کەسایەتیی و سەرۆک هۆزە عەرەبەکانی سنووری پارێزگای دێرەزوور و چەند ناوچەیەکی دیکەن، کە دەکەونە سەر سنووری عێراق.

بڕیارەکەی ئیدارەی خۆسەر و هێزەکانی سووریای دیموکرات بووەتە جێگەی نیگەرانی حکوومەتی عێراقی فیدراڵ و ترسی هەیە لەوەی ئەندامە ئازادکراوەکانی داعش لە سووریا بۆ ئەوەی دووبارە دەستگیر نەکرێنەوە، دزە بکەنەوە خاکی عێراق و ببنە پاڵپشت بۆ شانە نووستووەکانی چەکدارە پەرشوبڵاوەکانی ڕێکخراوەکە و جارێکی دیکە خۆیان ڕێک بخەنەوە.

هەر ئەمەش هۆکار بوو بۆ ئەوەی فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی پارێزگای نەینەوا لەگەڵ ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دوور لە مێدیاکاران کۆبوونەوەیەکی داخراویان بەست لە پێناو چۆنێتی ڕووبەڕووبوونەوەی هەر حاڵەتێکی گوماناوی و نەخوازراو.