وه‌زیری په‌روه‌رده‌ بۆ دروستكردنی قوتابخانه داوای هاوكاری له‌ خێرخوازان ده‌كات

K24 – هه‌ولێر

وه‌زیری په‌روه‌رده‌ پشتیوان سادق داوا لە کەسانی خێرخواز ده‌كات هاوکاری کەرتی پەروەردە بكه‌ن بۆ دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکان كه‌ به ئه‌ركێكی ئایینی، ئەخلاقی و نیشتمانی وه‌سف دەكات و پێی وایە دروستکردنی قوتابخانە خێری زیاترە، كه‌ لە هەڵمەتی نیشتمانی ساڵی رابردوو نزیکەی 600 قوتابخانە نۆژەن کراون.

له‌ میانه‌ی به‌شداریكردنی له‌ هەڵمەتی نیشتمانی بۆ نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکان لە ساڵی نوێی خوێندن له‌ قه‌زای سوران سەبارەت بە قوتابخانەکانی کۆمپانیای رووناکی کە سەر بە جه‌ماعه‌تی گولەنن رایگه‌یاند وەزارەتی پەروەردە بە هاوکاری کەرتی تایبەت، ئه‌و قوتابخانا‌نه‌ له‌ ده‌ستی ئه‌و ره‌وته‌ ده‌رده‌هێنێت و دایك و باوكی قوتابیان و خوێندكاران دڵنیا ده‌كاته‌وه‌ كه‌ خوێندنیان به‌رده‌وام ده‌بێت.

سەبارەت بە مووچەی مامۆستایان، وەزیری پەوەردە به‌ بێ ئه‌وه‌ی كه‌ كاتی پێدانی مووچه‌ مامۆستایان دیاری بكات دڵنیاییان ده‌كاته‌وه‌ كه‌ به‌ هاوکاری له‌گه‌ڵ یەکێتی مامۆستایان بەرگری له‌ مافی مامۆستایان ده‌كه‌ن، ئاماژه‌شی به‌وه‌دا كه‌ سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەڵێنی چارەسەرێکی جیدی داوە و لەسەر وەزارەتی دارایی پێویستە پاش دابەشکردنی مووچەی هێزی پێشمەرگە، گرنگی تەواو بە مووچەی مامۆستایان بدات.