ئومێد خۆشناو بانگهێشتی ئەکرەم ئیمام ئۆغلو بۆ هەولێر دەکات

ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لەگەڵ ئەکرەم ئیمام ئۆغلو سەرۆکی شارەوانیی ئیستانبوڵ
ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لەگەڵ ئەکرەم ئیمام ئۆغلو سەرۆکی شارەوانیی ئیستانبوڵ

پارێزگاری هەولێر بانگهێشتی پارێزگاری ئیستانبوڵ دەکات، سەرۆکی شارەوانیی ئیستانبوڵیش بانگهێشتی پارێزگاری هەولێر بۆ شارەکەی دەکات بۆ ئەوەی پەیوەندییەکان پتەوتر بکەن.

پێنجشه‌ممه‌ 25ـی تەممووزی 2024، له‌ پەراوێزى کۆنفرانسى گۆڕانکاریەکانی کەش و هەوا و ئامادەبوونى لە ڕێورەسمى دەسپێکى یارییەکانی ئۆلۆمپیاد و پارا ئۆڵەمپی 2024لە پاریسی پایتەختی وڵاتى فەڕەنسادا، ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر لەگەڵ ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانی ئیستانبوڵ كۆبۆوه‌.

بەپێی ڕاگەیاندراوی  پارێزگای هەولێر، لەو‌ دیداره‌‌دا، جەخت لە پتەوکردن و گەشەپێدانی زیاترى پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمى کوردستان و وڵاتى تورکیا، هەروەها پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و ئیستانبوڵ کرا.

هەر بەپێی ئەو ڕاگەیەندراوە، پارێزگاری هەولێر لەو دیدارە به‌ فه‌رمى بانگهێشتى سه‌رۆکى شاره‌وانى ئیستانبوڵى کرد بۆ سه‌ردانیكردنى هه‌ولێرى پایته‌ختى هه‌رێمى كوردستان، سەرۆکی شارەوانی ئیستانبوڵیش بەفەرمى بانگهێشتى پارێزگاری هەولێر کرد بۆ سەردانیکردنى ئیستانبوڵ، وێڕاى ئەوەى هەردوولا بانگهێشتەکەی یەکتریان قبوڵکرد، لەگەڵ ئەوەشدا دووپاتیان لە پەرەپێدانى زیاترى پەیوەندییەکانی نێوانیان کردەوە.

قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا ساڵانە نزیکەی 11 ملیار دۆلارە، 75%ی ئەو کاڵایانەش لە تورکیاوە هاوردە دەکرێن، رەوانەی شارەکانی خواروو و ناوەڕاستی عێراق دەکرێن.

هەر ئەمڕۆ ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر، لە پاریسی پایتەختی وڵاتى فەڕەنسا، له‌ پەراوێزى کۆنفرانسى گۆڕانکاریەکانی کەش و هەوا لەگەڵ عومەر موسى کازم، ئەمینداری گشتیی بەغدا كۆبۆوه‌.
له‌ دیداره‌كه‌دا، هەردولا جەختیان لە پتەوکردن و گەشەپێدان و پەرەپێدانى زیاترى پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کردەوە.