وەزارەتەکانی کشتوکاڵ و شارەوانیی کار بۆ گێڕانەوەی ئەو زەویانە دەکەن کە کران بە ئۆردوگای زۆرەملێ
وەزارەتەکانی کشتوکاڵ و شارەوانیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کار بۆ گێڕانەوەی ئەو زەویانە دەکەن کە بەبڕیاری 810 و 532 ی ساڵی 1987ی ڕژێمی عێراقی کۆن، کران بە ئۆردوگای زۆرەملێ.
پێنجشەممە 25ـی تەممووزی 2024، وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە، بۆ هەماهەنگی و چارەسەرکردنی کێشە هاوبەشەکان، کۆبونەوەیەکی تایبەت لە نێوان هەردوو وەزارەتی کشتوکاڵ و شارەوانی کرا.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، کۆبونەوەی هاوبەشی هەردوو لێژنەی نێوان وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی و گەشت وگوزار تایبەت بە بەدواداچوون بۆ بابەتی پاراستنی زەوی کشتوکاڵی و گێڕانەوەی زەوییەکانی کشتوکاڵی کە بەبڕیاری 810 و 532 ی ساڵی 1987ی ڕژێمی عێراقی کۆن، کە بەشێکی زەوییە کشتوکاڵییەکان لە ماوەی ڕابردوودا دیاریکراون یاخود کراون بەناوی شارەوانییەوە بەناوی ئۆردوگاکانی زۆرەملێ.
ڕاگەیاندراوەکە ئاماژە بەوە دەکات، ئامانجی ئەم کۆبونەوەیە تاوتوێکردنی میکانیزمی دارێژراو بوو کە لە کۆبونەوەکانی ماوەی رابردوودا ئەم لێژنەیە کارەکانی دەستپێکردووە ،تایبەت بەو ڕووپێو و کۆنووس بەدواداچوونانەی کەلێژنە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو وەزارەت کردوویانە ،بەمەبەستی کارکردن بۆ گێرانەوەی ئەو زەوییانە بۆ سەر وەزارەتی کشتوکاڵ و گێڕانەوەی مافی جووتیاران دوای داڕشتنی میکانزیمی ڕوون کە لەئێستادا لەبەر دەستی جووتیارانە و گرێبەستی بۆ کراوە..
ڕاگەیەندراوە ئاشکرای کردووە، بەشێکیتری کۆبونەوەکە گفتوگۆکردن بوو لەسەر بابەتی جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران بۆ دابەشکردن و دابینکردنی زەوی بۆ فەرمانبەران کە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بەشێکی گرنگە لەو پرۆسەیەدا ،تیایدا جەختکرایەوە لەسەر ئەوەی هەوڵبدرێت لە کاتی دیاریکردنی ئەو زەوییانە، گرنگی بە پاراستنی زەوییە کشتوکاڵیەکان بدرێت و زیاتر ئەو زەویانە دیاری بکرێت کە بۆ کشتوکاڵکردن ناشێت، هاوکات بە ئاراستەی ناوچە بەردەلانیەکان بێت لە چوارچێوەی ماستەرپلانی شارەکاندا.
بڕیاردرا هەردوولا کار بۆ ئامادەکردنی پێشنیازێک بکەن بۆ سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران، تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی ئەم بڕیارانەی کە ئاماژەیان پێکراوە بۆ مەبەستی کوژاندنەوەی زەوی کشتوکاڵی بۆ ئۆردوگا زۆرەملێکان بەتایبەتی.