رۆیتەرز: ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە و ڕێککەوتنی ئازادکردنی بارمتەکان نزیکە بگاتە ئەنجام
K24 – هەولێر:
ئاژانسی رۆیتەرز لەسەر زاری چەند بەرپرسێکی ئەمەریکی ئاشکرایکرد، ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە و ئازادکردنی بارمتەکان لە کۆتا قۆناغەکاندایە و نزیکە بگاتە ئەنجام.
ئاژانسی رۆیتەرز لەسەر زاری چەند بەرپرسێکی ئەمەریکی بڵاوی کردەوە، ئەو بۆشایی و جیاوازیانەی ماون دەکرێت چارە بکرێن و بۆ شەش هەفتە ئاگربەست ڕادەگەیێنرێت، لەبەرامبەریشدا، بەشێک لەو بارمتانەی ماون ئازاد دەکرێن.
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوە دا: ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە و ئازادکردنی بارمتەکان لە کۆتا قۆناغەکاندایە و نزیکە بگاتە ئەنجام. بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر ئەو بۆشایی و جیاوازییانەی ماون، ئەمڕۆ، 25ـی تەمموز جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا و بنیامین ناتەنیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، کۆدەبنەوە.
ئەمەریکا لەگەڵ قەتەر و میسر کار دەکات بۆ ڕێکخستنی ئاگربەست لە غەززە، بەمەبەستی ئازادکردنی ئەو بارمتانەی لە 7ـی ئۆکتۆبەرەوە دەستبەسەرکراون و هێنانی هاوکاریی مرۆیی زیاتر بۆ ناو کەرتی غەززە.
لای خۆیەوە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، نیگەرانی خۆی لە بەرامبەر ئیسرائیل دەربڕی لەبەر ئەوەی بڕیارنامەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان پشتگوێ دەخات، هەروەها داوای ئاگربەستی خێراش دەکات.
بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین، لەسەرەتای شەڕەوە تا ئێستە نزیکەی 39 هەزار و 200 فەڵەستینی مردوون زۆربەیان ژن و منداڵن، هەروەها زیاتر لە 90 ههزار و 403 كهسیش بریندران.
ڕۆژی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، چەکدارەکانی بزووتنەوەی حەماس هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر ئیسرائیل، لە هێرشەکەدا زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی کوژران و سەدانی دیکەش بریندار بوون، هاوکات 240 هاووڵاتیی ئیسرائیل وەکوو بارمتە لەلایەن حەماسەوە دهستبهسهر كران.