هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێیی لە کەرکووک بەردەوامە

کەرکووک
کەرکووک

K24 – کەرکووک:

هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێیی لە کەرکووک بەردەوامە و سەرچاوەی ناکۆکییەکانیش پۆستی پارێزگارە کە هەمووان داوایدەکەن، لەو چوارچيوەشدا محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ ئەندامانی ئەنجوومەن لە پێکهاتەی عەرەبی کۆبووەوە و داوایکرد بەربەستەکان هەڵبگیرێن و بەپەلە حکوومەتی خۆجێیی لە شارەکە پێک بێت.

کۆبوونەوە و گفتوگۆی لایەن و پێکهاتەکانی کەرکووک بە ئاراستەی ڕێککەوتن لەسەر پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێیی شارەکە زیاتر چڕبوونەتەوە، پێشبینییەکانیش بۆ ڕێککەوتن نزیکن.

ئیبراهیم حافز، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێیی کەرکووک زۆر نزیکە، زیاتر لە سینارۆیەکیش بۆ ئەم مەبەستە خراوەتەڕوو، بۆ پۆستی پارێزگار لە نێوان هەر سێ پێکهاتە قسەی لەسەر کراوە، بەڵام سەرئەنجام ڕێککەوتنە سیاسییەکان ئەو بابەتە یەکلایی دەکەنەوە.

پەیوەست بە هەوڵەکانی پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێیی کەرکووک، محەممەد شیاع سوودانی بەجیا لەگەڵ پێکهاتەی عەرەبی لە ئەنجوومەنی پارێزگا کۆبۆوە و بەپێی زانیارییەکان سوودانی پێی گوتوون نابێت بەربەست لەبەردەم ڕێککەوتن دروست بکەن و پێویستە لە زووترین کاتدا کێشەکان یەکلایی بکرێنەوە.

پێکنەهێنانی ئیدارە و ئەنجقومەنی پارێزگای کەرکووک جگە لەوەی شارەکەی تووشی بۆشایی یاسایی کردووە و خزمەتگوزارییەکانی وەستاندووە، لەلایەکی دیکەوە مەترسی ئەمنیشی درووستکردووە و هۆشداری لە هێرشی چەکداریی دەدرێت.

لای خۆیەوە محەممەد مەهدی بەیاتی، بەرپرسی ڕێکخراوی بەدر، بە کوردستان24ـی گوت: تا ئێستە ئیدارە و ئەنجوومەنی پارێزگا پێکنەهێندراون، ترسەکە لەوەدایە ڕێکخراوە تیرۆرستییەکان ئەمە دەقۆزنەوە، ناتوانین بڵێن کەرکووک، دیالە، سەڵاحەددین و نەینەوا ڕزگاریان بووە لە تیرۆرستانی داعش.

زیاتر لە حەوت مانگە هەڵبژاردن بۆ گۆڕینی ئیدارەی دوای 16ـی ئۆکتۆبەر لە کەرکووک کراوە بەڵام بەهۆی ناکۆکی لایەنەکان و کۆت و بەندی یاسای هەڵبژاردنەکان و شێوازی دابەشبوونی کورسییەکانی ئەنجوومەن تا ئێستە بارودۆخەکە وەکو خۆیەتی.