ئەنجوومەنی ئاسایشی توركیا: پێویستە خاكی سووریا لە تیرۆر دابماڵرێت

ئەنجوومەنی ئاسایشی تورکیا
ئەنجوومەنی ئاسایشی تورکیا

K24 – هەولێر:

ئەنجوومەنی ئاسایشی تورکیا ڕایگەیاند: پێویستە خاكی سووریا لە تیرۆر دابماڵرێت، کە ئەمەش لە بەرژەوەندی سووریا دایە.

دوای دوو مانگ ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی تورکیا لەبارەی ئۆپەراسیۆنەکانی دژی پەکەکە کۆبووەوە. لە دوای كۆبوونەوەكە ئەنجوومەنی ئاسایشی توركیا ڕایگه‌یاند: ئۆپەراسیۆنەکانمان لەدژی پەکەکە، یەپەگە، گولەنییەکان و داعش بەردەوام دەبن، ئەمەش پاڵپشتییە لە یەکپارچەیی و سەروەریی سووریا و عێراق.

ئەنجوومەنەکە ئاماژەی بەوەش کردووە: پێویستە خاکی سووریا لە تیرۆر دابماڵڕێت، کە ئەمەش لە بەرژەوەندی سووریادایە.

ڕۆژی چوارشەممە 24ـی تەمووزی 2024 هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کەناڵی سکای نیوزی عەرەبیدا، گوتی: دەبێت سووریا لە تیرۆریستان پاک بکرێتەوە، بەتایبەت ئەو ناوچە عەرەبیانییەی کە پەکەکە داگیری کردوون.

دەشڵێت: پەکەکە دەستی بەسەر دامەزراوە نەوتییەکان داگرتووە، ئەمەش واتە داگیرکردنی سەرچاوەی بژێوی و داهاتی خەڵکی سووریایی لەلایەن ڕێکخراوێکی تیرۆریستییەوە.

هەروەها ڕایگەیاندووە: پێویستە شەڕی ئەو گرووپە بکرێت بۆ ئازادکردنی ناوچە نەوتییەکان و سەرچاوەی وزەی و گەڕاندنەوی بۆ خەڵکی سووریا، چونکە بە دڵنیاییەوە پەکەکە فرۆشتنەوەی بەرهەمی ئەو کێڵگە نەوتیانە و داهاتەکەی شەڕی دژی خەڵکی سووریا و حکوومەتی تورکیا کردووە.