سه‌رۆكی هەرێمی کوردستان به‌شدارى له ئاهەنگی كردنه‌وه‌ى ئۆڵمپیکی پاريسدا كرد

K24 – هەولێر:
سەرۆکی هەرێمی کوردستان له كۆشكى شاييۆ له ناوچه‌ى ترۆكادێرۆى پاريس بەشداری لە ئاهەنگی دەستپێکردنی یارییەکانی ئۆڵمپیکی پاريسدا كرد.
سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە: پاش ئه‌وه‌ى به بانگهێشتێكى فه‌رمى بۆ به‌شدارى له ڕێوڕه‌سمى كردنه‌وه‌ى یارییەکانی ئۆڵمپیکی 2024ـدا گه‌يشته پاريس، ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ هه‌ينى (26ـی تەمموزی 2024) نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ سه‌رۆك و سه‌ركرده‌كانى وڵاتانى جيهان، له‌لايه‌ن ئيمانوێل ماكرۆن، سه‌رۆكى فه‌ره‌نساوه له كۆشكى ئێلیزێ پێشوازى لێكرا.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، نێچيرڤان بارزانى له په‌راوێزى ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا چاوى به ژماره‌يه‌ك له سه‌رۆك، شا و سه‌ركرده‌كانى جيهان كه‌وت، دواى ئه‌وه‌ش پێكه‌وه به‌شدارييان له ده‌ستپێكردنى يارييه‌كانى ئۆڵمپيكی پاریس‌دا كرد كه له كۆشكى شاييۆ له ناوچه‌ى ترۆكادێرۆى پاريس به به‌شداريى ده‌يان هه‌زار كه‌س له سه‌رانسه‌رى جيهانه‌وه به‌ڕێوه‌چوو.