پەرلەمانی عێراق لەژێر فشاری گشتیدا داوای کردووە بە ڕاوێژ یاسای باری کەسیی هەموار بکرێت

پەرلەمانی عێراق
پەرلەمانی عێراق

لەژێر فشاری گشتیدا، پەرلەمانی عێراق دەنگدانی بۆ پەسەندکردنی هەمواری یاساکەی دواخست و لیژنەی یاساییش لە پەرلەمانی عێراق داوای کردووە لە هەموارکردنە ڕاوێژ بە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و چالاکوانان بکرێت.

ئەندامێکی چوارچێوەی هەماهەنگی کە هەمواری پڕۆژەکەی پێشنیاز کردووە، پاساوەکەی ئەوە بووە کە لەسەر خواستی مەرجەعی باڵای شیعەکان پێشنیازەکەی کردووە، هاوکات مێدیاکانی ناوخۆیی عێراقیش دەڵێن، "بەم نزیکانە هیچ پەرلەمانتارێک و سیاسییەک سەردانی مەرجەعی باڵای شیعەکانی نەکردووە".

دوای شەپۆلێکی ڕەخنە و ناڕەزایەتی لەلایەن چالاکوانان و بەشێک لە هێزە سیاسییەکان، پەرلەمانی عێراق ناچار بوو پەسەندکردنی هەمواری یاسای باری کەسی ڕابگرێت و داواش کراوە بۆ هەموارکردنەوەی یاساکە ڕاوێژ بە چالاکوانان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و مافەکانی مرۆڤ بکرێت.

چوارشەممەی ڕابردوو پەرلەمانی عێراق، بڕیاری دا هەمواری بڕگەی 57 لەیاسای باری کەسێتی ساڵی 1957 دوا بخات، ئەمەش دوای ئەوەی لەژێر گوشارێکی توندی ڕای گشتی، لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق داوای کردووە کە ئەم بڕگەیە بە ڕاوێژ لەگەڵ ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و ڕێکخراوەکانی ژنان و مافەکانی مرۆڤ هەموار بکرێت.

قەبارەی ناڕەزایەتییەکان زیاتر بووە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەزاران کەس لە کەمپینێکی هاوبەشدا هاشتاگی 'نا بۆ هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتیان' نوسیووە.

حزبی شیوعی عێراق ڕەتی دەکاتەوە هەمواری پڕۆژەی یاسای باری کەسی لەبەرنامەی کاری پەرلەمانیان بێت و ڕایدەگەیەنێت، ئەم ڕەشنووسە هەموارکراوەی کە پێشکەش کراوە پێچەوانەی دەقی 14ـی دەستوورە کە دەڵێت، "هەموو عێراقییەکان بەبێ جیاوازی لەبەردەم یاسادا یەکسانن. مشتومڕەکان لەسەر یاسای باری کەسی ئەوکاتە دروستبوون کە ڕائید مالیکی، ئەندام لە چوارچێوەی هەماهەنگی پێشنیازی هەموارکردنەکەی بەپاساوی لە وەڵامی خواستی دەسەڵاتی ئایینی، عەلی سیستانی،  خستەڕوو"، بەڵام مێدیا ناوخۆییەکان لەسەرچاوەکانی نەجەفەوە بڵاویان کردووەتەوە مەرجەعی باڵای شیعەکان ئەم ماوەیە لەگەڵ هیچ پەرلەمانتارێک و سیاسییەکدا کۆنەبووەتەوە.

عەلا عەزیز، کە پارێزەرێکە لەدۆسییەکانی بواری باری کەسێتی کار دەکات ڕایدەگەیەنێت، هەموارە نوێیەکەی یاسای باری کەسێتی سێبەرێکی تاریک دەخاتە سەر یاسا کارپێکراوەکان، دەشڵێت، "کاریگەریی کارەساتبار لەسەر بارودۆخی کەسی هاووڵاتییان و  لەسەر زیادبوونی ڕێژەی جیابوونەوەی هاوسەران دروست دەکات".

لەماوەی ڕابردوودا هێزە شیعییەکان پڕۆژە یاسایەکی نوێی باری کەسیان پێشکەش کردبوو، کە تێیدا دەسەڵاتی بە پیاوانی ئایینی شیعە و سوننە دەدا لەبواری هاوسەرگیری و جیابوونەوەی هاوسەراندا دادوەری بکەن، بەڵام بەرهەڵستکاری بە کۆمەڵ پاشەکشێی بەم هەوڵانە کرد.