عێراق لێکۆڵینەوە لە بزربوونی 50 هەزار پاکستانی دەکات

زیارەتکارانی عاشورا لە عێراق
زیارەتکارانی عاشورا لە عێراق

وەزیرێکی پاکستان سەرسوڕمانی خۆی لە دیارنەمانی 50 هەزار هاووڵاتی خۆی لە عێراق ڕاگەیاند، داوای لە حکوومەتی عێراق کردووە بە خێرایی لێکۆڵینەوە لەو دزەکردنانە دەست پێ بکات، کە لە ماوەی مانگی موحەڕەم بۆ سەردانی شوێنە ئاینییەکان ڕوودەدەن.

ڕۆژنامەی "ئوممەی" پاکستانی، لە زاری چوهدری حوسێن، وەزیری کاروباری ئایینییەوە بڵاوی کردەوە، لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا ژمارەیەکی زۆر لە زیارەتکارانی پاکستانی لە عێراق بزر بوونە.

وەزیرەکە ئاماژەی بەوەش کرد، حکوومەتی ئیسلام ئاباد لێکۆڵینەوە لەبارەی ئەو کەسانە دەکات کە لە ڕێگەی نایاساییەوە گەشت بۆ دەرەوەی وڵات دەکەن .

لیژنەی هەمیشەیی پەرلەمانی پاکستان بۆ کاروباری ئایینی و هاوئاهەنگی نێوان ئایینەکان ئاگادار کرایەوە کە تا ئێستا نزیکەی 50 هەزار زیارەتکاری پاکستانی لە عێراق بزر بوونە.

لە ئەنجامدا، لیژنەکە پێشنیاری "سیاسەتێکی نوێی بۆ گەشتکردن بۆ شوێنە پیرۆزەکان لە وڵاتە جیاوازەکاندا" کرد، لەنێویشیاندا عێراق، هەروەها پێشنیارەکەی ڕەوانەی حکوومەتی فیدراڵیی پاکستان کردووە بۆ پەسەندکردنی.

لەلایەکی دیکەوە ڕۆژنامەی "ئەخبار عالەم"ـی پاکستانی ئاشکرای کردووە کە "پاسپۆرتی پاکستانییەکان لە دەروازە سنوورییەکان لەلایەن عێراقییەکانەوە کۆ دەکرێنەوە و دەستیان بەسەردا دەگیرێت".

مەشعان جبوری، پەرلەمانتاری پێشووی عێراق لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس نووسیویەتی، ئەوەی وەزیرەکەی پاکستان ڕایگەیاندووە، پێویستە حکومەتی عێراق وەڵامی بداتەوە، "چونکە ئەو کەسانە ڕەنگە ببنە مەترسی لەسەر ئاسایشی عێراق و کاریگەری لەسەر بازاڕی کار دروست بکەن".

قسەکانی ئەو بەرپرسە پاکستانییە هاوکات بوو لەگەڵ دەستگیرکردنی شەش پاکستانی لە ناوچەیەکی بەغدا کە کاری قاچاخیان دەکرد.

هەواڵگریی سەربازی عێراق لەم دواییانەدا دەستگیرکردنی باندێکی ڕفاندن و بردنی پارەی لە ناوچەی شەعبی بەغدا ڕاگەیاند، کە لە نۆ پاکستانی پێک هاتبوون. ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە بیانییەکان دەڕفێنن و بە بڕە پارەیەک ئازادیان دەکەن.

ژمارەیەکی زۆر لە گەشتییارانی وڵاتان بەڤیزای بێبەرامبەر بە مەبەستی بەشداریی لە ڕێوڕەسمەکانی عاشوورا سەردانی عێراقیان کردووە.

لەیەکەم کاردانەوەشدا ئەحمەد ئەسەدی، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی گوتی: "بەدواداچوون بۆ هەواڵی دزەپێکردنی 50 هەزار گەشتیاری پاکستانی دەکەین و ڕێکاری یاساییان لەدژ دەگرینەبەر".

دووپاتیشی دەکاتەوە، وەزارەتەکەیان هەموو ڕێوشوێنێک دەگرێتەبەر بۆ دۆزینەوەی کرێکارانی نایاسایی و گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی دژیان.

هەروەها داواش لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات ڕێکاری پێویست بۆ پاراستنی سنوورەکان لە هاتنی گەشتیاری نایاسایی و کرێکاری نایاسایی بگرنەبەر.