ئێران بەهۆی بەرزیی پلەکانی گەرما پشووی فەرمیی ڕاگەیاند

هاوینی تاران (وێنە - ئەرشیف)
هاوینی تاران (وێنە - ئەرشیف)

ئەمیندارێتی ئەنجوومەنیی ڕاگەیاندنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردووەتەوە، بەهۆی بەردەوامی بەرزی پلەکانی گەرماوە، سبەی یەکشەممە لە سەرجەم دامەزراوەکانی حکوومەت و بانکەکان، دەکرێتە پشوو.

ئەمیندارێتییەکە ئاماژەی داوە، ئەو شەپۆلە گەرمایەی ناوچەکەی گرتووەکە پێشتر پێشینەی نەبووە و لە پێناو سەلامەتی تەندروستی هاووڵاتییان، بڕیاریان داوە بۆ سبەی یەکشەممە لە گشت دامەزراوە فەرمییەکانی حکوومەت و بانکەکان پشوو بێت. بەڵام بڕیارە بنکە تەندروستییەکان، فریاگوزاری خێرا و ناوەندەکانی فریاکەوتن ناگرێتەوە.

 هەر بە گوێرەی دەستەی چاودێری و پێشبینییەکانی کەشوهەوای ئێران، پێشبینی دەکرێ ئەم هەفتەیە و هەفتەی داهاتووش بەردەوام بێت و بەرزی پلەکانی گەرما لە زۆربەی ناوچەکانی ئێران بگاتە 50 پلەی سیلیزی.

ئەو شەپۆلە گەرمایەی سەرتاسەری ئێرانی گرتووەتەوە و بە هۆیەوە حکوومەت پشووی ڕاگەیاندووە لە کاتێکدایە، بڕیارە 30ی ئەم مانگە پەرلەمانی ئێران کۆبوونەوەکەی تایبەت بکات بە دەنگدان و پەسەندکردنی چواردەهەمین کابینەی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە سەرۆکایەتیی مەسعوود پزیشکیان، بەڵام دیار نییە ئاخۆ کۆبوونەوەکە دەکرێت یان بە هۆی بەرزی پلەکانی گەرماوە بۆ کاتێکی دیکە دوا دەخرێت.