شارەزایەکی ئابووری: نادادیی لە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەراندا هەیە
شارەزایەکی ئابووری دەڵێت: حکوومەتی سوودانی بەرنامەیەکی لە پێشینەی کارەکانی داناوە، بۆ ئەوەی گۆڕان لە دۆخی ئابووری بکات، گومانی تێدا نییە نادادیی لە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەراندا هەیە.
سەفوان قوسەی، شارەزای ئابووری، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "حکوومەتی سوودانی بەرنامەیەکی لە پێشینەی کارەکانی داناوە، بۆ ئەوەی گۆڕان لە دۆخی ئابووریدا بکات، گوتیشی: لە ئێستا و ڕابردووشدا سیستەمی ئابووری لە لایەن حکوومەتەوە کۆنترۆڵ نەکراوە و گەندەڵیەکی زۆر هەبووە.
سەفوان ئاماژەی بەوەش کرد، لەو کاتەوە سوودانی حکوومەتی وەرگرتووە، ئەوە ڕوون بووەتەوە کە ویستی هەیە سەقامگیریی لە بواری ئابووریدا بێنێتە کایەوە. هەروەها چەند ڕێکارێکیشی گرتووەتە بەر بۆ ئەوەی گەندەڵکاران ڕێگایان لە بەردەم بچووک بێتەوە نەتوانن بە ئاسانی گەندەڵی بکەن.
ئەو شارەزا ئابوورییە جەختی کردەوە "پرۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی وەبەرهێنانی تێدا دەکرێت، بەڵام پرۆژەکانی دیکە کە گەندەڵیان تیدا کراوە زۆرینەیان کەسانی ناوخۆیی بوون و کاریگەرییەکی ئەوتۆیان نەبووە لەسەر پرۆسەی ئابووری، بەڵام ئێستا ئێمە خاوەنی هاوبەشی نێودەوڵەتین بۆ دروستکردنی پرۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان".
ڕوونیشی کردەوە، وڵاتانی ئەورووپا و تورکیا و چین و هیندستان کار دەکەن بۆ بەرەوپێشبردنی ئابووری و عێراق و بەهێزکردن و تەواوکردنی پرۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان. هیچ کەسێک ناتوانێت ناتوانێت بەربەست بخاتە بەردەم پرۆژەکە.
گوتیشی: گومانی تێدانییە نادادیی هەیە لە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرە جیاوازەکاندا، ئێستە سوودانی هەڵسەنگاندن دەکات لەسەر پێدانی بابەتی مووچەی فەرمانبەران دەکات، هەروەها کار بۆ پشتیوانیی کەرتی تایبەت دەکات.