فوئاد حوسێن له‌باره‌ی سه‌ردانی لایه‌نه‌كان بۆ كوردستان 24 ده‌دوێت

سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم: گشت لایەنەکان لەگەڵ رێککەتنن و رێکخستنەوەی نێو ماڵی کورد كارێكی زەحمەت نییە و ئاسانە

K24 – هه‌ولێر:

دوای بیدەنگییەکی زۆر لە سەردانی بۆ لای حزب و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان  بۆ مەبەستی ئاساییکردنەوەی بارودۆخی هەرێمی کوردستان،نوینەری سەرۆکی هەرێمی کوردستان فواد حوسێن لە پەراوێزی بەشداریكردنی له‌ بەرنامەی "باسی رۆژ"ی کوردستان ٢٤ ،باسی لە هەڵویستی حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان کرد،بۆ رێکخستنەوەی نیو ماڵی کورد و گەیشتن بەرێککەوتنی سیاسی  و هەنگاو نان بەرەو سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان. 

نوێنەری سەرۆک بارزانی هه‌روه‌ها رایگەیاند" گشت لایەنەکان  لەگەڵ رێککەوتن و رێکخستنەوەی نێو ماڵی کورد دان و ئه‌مه‌ كاره‌ش زه‌حمه‌ت نییه‌ و ئاسانه‌.

 دکتۆر فواد حوسێن  لە چوارچێوەی دیدارەکانی لە گەڵ تەواوی حزب و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان ، کە وەک نوێنەری  بارزانی  ئەنجامی داوە،بیر و بۆچوونی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی بە بەرپرسانی باڵای حزب و لایەنەکانی  نێو هەرێمی کوردستان  گه‌یاندووه‌، و بەپێچەوانەوەش بیربۆچوونی لایەنەکان به‌تایبه‌تی بیروبۆچوونی نه‌وشیروان مسته‌فا ڕێكخه‌ری گشتی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانی  بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان گەیاندووە،له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت بێجگه‌ له‌ چاره‌سه‌ر هیچ بژارده‌یه‌كی دیكه‌ له‌به‌رده‌م هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان نییه‌ و ئه‌و بژارده‌یه‌ش له‌ ئەولەویەتی  بارزانی دایه‌  كه‌ لەم قۆناغەدا یەکخستنەوەی نێو ماڵی کورد لای ئه‌و زۆر پێویسته‌.

 نوێنەری بارزانی لەبارەی هەڵویستی حزبەکانەوە رایگەیاند" گشت حزبەکان ئامادەییان ده‌ربڕیووه‌ بۆ ئەوەی بگەن بەرێککەوتن و کۆتایی  بەو ئاڵۆزییانە بهێنن، و  ئەوانیش لە گەڵ چارسەری پرسەکان رێکخستنەوەی نێو ماڵی کورد دان.

 سەبارەت بە پرسی سەربەخۆیی كوردستان،  نوێنەری بارزانی راگەیاند" تەواوی حزبەکان دووپاتیانكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ لەگەڵ پرۆژەی سەربەخۆیین، بەبێ رێککەوتنی حزبەکانیش سەرۆکی هەرێمی کوردستان ناخوازێت بڕیار لەسەر ئەم پرسه‌ بدات. 

  سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان  پێ وا بوو بۆ سه‌ربه‌خۆیی پێش هەموو لایەک دەبێ بەغدا گفتوگۆی لەگەڵ بکرێ و راشیگەیاند لەسەردانی ئەم دوایەی شاندی هەرێمی کوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تی نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ بەغدا، به‌ فه‌رمی پرۆژەی سەربەخۆیی پێشکەش بە لایەنه‌کانی بەغدا کراوە و ئەوانیش تێگەیشتنیان بۆ داواکە هەبووە و به‌شێكیان سه‌ربه‌خۆییان به‌ مافێكی سروشتی خه‌ڵكی كوردستان زانیووه‌.

له‌و دیداره‌دا سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی به‌ چه‌ندین ته‌وه‌ر و باسی گرنگی دیكه‌ كردووه‌، وه‌ك پرسی نه‌وت له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی ئێران و سه‌ردان و دیداره‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات و بۆچوونی وڵاتانی جیهان له‌باره‌ی سه‌ربه‌خۆیی كوردستانه‌وه‌ و ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌ كه‌ دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات بۆ كوردستان و كۆبوونه‌وه‌ی داهاتووی هه‌ر دوو مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان،وه‌ك نوێنه‌ری بارزانی جارێكی دیكه‌ سه‌ردانی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ده‌كاته‌وه‌.