خێزانە دەستڕەنگینەکەی گوندێکی شارباژێڕ

بارەی بچووک یەكێكە لە گوندەكانی شارباژێر خێزانێك هەن، كە پێكەوە لە دار و تەختە چەندان كەرەستەی جیاوازیان دروست كردووە، ئەو خێزانە سوودیان لە و درەختانە بینیوە كە شكاون یا خود ووشک بوون و دووبارە بەكاری دەهێننەوە.
بەرهەم خەسرەو، دەستڕەنگین، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، سەرەتا کە دەستمان بە کار کرد، هەموو ئامێرەکانمان نەبوو؛ تەنیا دەمانتوانی چەند بابەتێکی شتێکی بچووک دروست بکەین وەک قاپی چەرەزات، مۆمدان و جێ گڵۆپێک، ئێستە دەتوانین شتی گەورەتر دروست بکەین، وەک کورسی، مێز، سیسەمی خەو، کەنتۆر هەر بابەتێک لەم دارە سروشتییە دروست بکرێت، ئێمە دروستی دەکەین.
دەشڵێت: بەهۆی ئەوەی ئێمە دارستانێکی چڕمان هەیە ساڵانە بەفر و با دارەکان دەشکێنێت، ئێمەش دەیانهێنین جارێکی دیکە سوودیان لێ دەبینینەوە، ئەو بیرۆکەی کە خۆشمان هەمانە دروستی دەکەین.
دوای تەواوبوونی ڕێكکردنی دارەكان، دروستكردنی نەخش و دیزاینەكان دێتە بەردەم خێزانەكەی، هەڵكۆڵین و نەخشەكان پێویستیان بە سەلیقەی زیاتری خانمانەیە بۆیە شنۆ لە كەشی ناو سروشت و بەوردەكاریەوە كار لەسەر دارەکان دەكات.
شنۆ محەممەد، دەستڕەنگین گوتی " کارەکەی ئێمە هاوبەشییە وخێزانییە، کارەکانمان دابەش کردووە، کارەکانی من زیاتر کەرەستەی ناوماڵن، بۆ ئەو خانمانەی کە خواستییان لەسەر ئەو بابەتانەی بەکاری دەهێنن هەیە".
دوای تەواوبوونی كارەكان، فرۆشتنی بەرهەمەكانی دەكەوێتە سەر كوڕانی خێزان، دووكانە خنجیلەكەیان بۆتە ناونیشانێكیش بۆ ناساندنی گوندەكەیان .
باوان بەرهەم، دەستڕەنگین دەڵێت: کاتێک دایکم و باوکم کارەکان دەکەن من دەڕۆم سەیری دەستییان دەکەم، بۆ ئەوەی کە گەورەبووم من هەمان کار بکەم، کاتێک باوکم لە کارێک تەواو دەبێت، منیش دەیانهێنم لە دوکانە بچووکەکەماندا دەیانفرۆشم".