عێراق: هیچ پاکستانییەک بزر نەبووە

ئەمڕۆ یەکشەممە، 28ـی تەمموزی 2024، وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕەتی کردەوە 50 هەزار پاکستانی لە عێراق بزربووبن. ڕاشیگەیاند، لەو بارەوە پەیوەندییان بە پاکستانەوە کردووە .

وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "دوای ئەوەی لەلایەن هەندێک مێدیاوە، دیارنەمانی 50 هەزار پاکستانی لە عێراق بڵاو کرایەوە، ئەوان پەیوەندی فەرمییان بە وەزیری کاروباری ئاینی پاکستان چوهدری حوسێن کردووە".

لە بەیاننامەکەدا هاتووە "چوهدری حوسێن، وەزیری کاروباری ئایینی پاکستان، سەلماندی کە گومان هەیە لە گواستنەوەی ئەو زانیارییانەی بڵاوی کردووەتەوە، گوتویەتی: ئەوەی لە میدیاکانەوە باسکراوە سەبارەت بە دیارنەمانی 50 هەزار پاکستانی هەڵەیە و بانگهێشتی ئەو کەسانە و ئەو دەزگە مێدیاییە دەکات بۆ لێکۆڵینەوە سەبارەت بەو هەواڵە نادروستەی بڵاوی کردووەتەوە".

دوێنێ ڕۆژنامەی "ئوممەی" پاکستانی، لە زاری چوهدری حوسێن، وەزیری کاروباری ئایینییەوە بڵاوی کردەوە، لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا ژمارەیەکی زۆر لە زیارەتکارانی پاکستانی لە عێراق بزر بوونە.

وەزیرەکە ئاماژەی بەوەش کردبوو، حکوومەتی ئیسلام ئاباد لێکۆڵینەوە لەبارەی ئەو کەسانە دەکات کە لە ڕێگەی نایاساییەوە گەشت بۆ دەرەوەی وڵات دەکەن .

لەیەکەم کاردانەوەشدا ئەحمەد ئەسەدی، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی گوتی: بەدواداچوون بۆ هەواڵی دزەپێکرانی 50 هەزار گەشتیاری پاکستانی دەکەین و ڕێکاری یاساییان لەدژ دەگرینەبەر.

دووپاتیشی دەکاتەوە "وەزارەتەکەیان هەموو ڕێوشوێنێک دەگرێتەبەر بۆ دۆزینەوەی کرێکارانی نایاسایی و گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی دژیان".

هەروەها داواش لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات ڕێکاری پێویست بۆ پاراستنی سنوورەکان لە هاتنی گەشتیاری نایاسایی و کرێکاری نایاسایی بگرنەبەر.

 

Fly Erbil Advertisment