ڕانیە.. سەنتەری نەخۆشییەکانی مەمک، نزیکەی دوو هەزار نەخۆشی بێبەرانبەر چارە كردووە

سەنتەری نەخۆشییەکانی مەمک لە ڕانیە لە دوو ساڵدا هەزار و 800 نەخۆشی بێبەرانبەر چارە كردووە.
کاروان محەممەد، بەڕێوەبەری سەنتەری نەخۆشییەکانی مەمک، بە فەرمانگەی مێدیا و زانیاری گوت: لە 1 ئابی 2022، تاكوو ناوەڕاستی تەمووزی 2024، هەزار و 800 نەخۆش سەردانیان کردووین و چارە و چاودێری كراون.
کاروان محەممەد ڕوونیشی کردەوە "بەشێك لەو نەخۆشانەی ڕوو لەو سەنتەرە دەکەن ئەوانەن کە تووشبووی شێرپەنجەی مەمکن، یان بۆ دڵنیابوونەوە لە دۆخی تەندروستییان، پێویستییان بە بەدواداچوون و پشكنین هەیە".
بەڕێوەبەری سەنتەرەكە ئەوەشی گوت:هەموو ئەو ئامێرانەی پێویستن بۆ سەنتەرەکە وەكوو سۆنار و مەمۆگرافیی پێشكەوتوو، لە لایەن وەزارەتی تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دابین كراون.
هاوكات، سەنتەرەکە ئاسانکاریی بۆ هەموو نەخۆشانی شێرپەنجەی دانیشتووی دەڤەری ڕاپەڕین دەکات، کە لە سلێمانی و هەولێر لە ژێر چاودێریدان و ڕێگەی دوور و تێچوونی بەردەوامیان كەم دەكاتەوە.
حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی دامەزراندنی سەنتەرە پزیشكییەكانەوە، چارەی خێرا و پێشكەوتوو پێشكەشی ناوچە و دەڤەرە جیاوازەكان دەكات، لە هەمان كاتدا ئەم سەنتەرانە فشاری زۆر لەسەر نەخۆشخانە گەورەكان كەم دەكەنەوە و بواریان پێ دەدەن كاراتر بن.