لە ترسی هێرشی ئیسرائیل، گەشتەکانی فڕۆکەخانەی بەیروت هەڵوەشێنرانەوە

بەهۆی بەردەوامیی گرژیی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵلای لوبنانی، گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەیروتی لوبنان هەڵوەشێنرانەوە.
دووشەممە، 29-07-2024، هێڵی ئاسمانیی "لوفتانزا"ـی ئەڵمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، بەهۆی بارودۆخی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تاوەکوو 30ـی ئەم مانگە، گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ بەیروتی پایتەختی لوبنان ڕاگرتووە.
هێڵی ئاسمانیی "لوفتانزا" باسی لەوەش کردووە، سێ گەشتی ئاسمانییان هەڵوەشاندووەتەوە کە بڕیاربوو دوانیوەڕۆی دووشەممە، 29-0—2024، بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەیروت بکرێن.
بە گوێرەی ئامارەکانی "فلایت ڕادار" هێڵی ئاسمانیی تورکیا، شەوی یەکشەممە، 28-07-2024، دوو گەشتیی ئاسمانی بۆ لوبنان هەڵوەشاندووەتەوە. هاوکات هەر یەکە لە هێڵە ئاسمانییەکانی "سون ئێکسپرێس"ـی تورکی، "ئیجە"ـی یۆنانی، "ئەسیوپیا" و هێڵی ئاسمانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ژمارەیەک گەشتیان بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەیروت هەڵوەشاندەوە.
شەوی شەممە، 27-07-2028، مووشەکێک لە کۆمەڵگەیەکی وەرزشیی “مەجدەل شەمس”ی سەر بە جۆلانی باکووری ئیسرائیل کەوتە خوارەوە، بەهۆیەوە نزیکەی 10 کەس کوژران کە بەشێکیان منداڵ و مێردمنداڵن، نزیکەی 20 کەسی دیکەش بریندار بوون.
دوا بە دوای هێرشەکە، بەرپرسانی ئیسرائیل پەنجەی تۆمەتیان بۆ حزبوڵلای لوبنانی ڕاکێشا و بەڵێنیان دا باجەکەی قورس دەبێت. یواڤ گالانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ڕێکارەکانی هێرشکردنە سەر حیزبوڵلای خستە ئامادەباشییەوە، ژمارەیەک پێگەی و کۆگەی چەکی حیزبوڵلاشیان لە باشووری لوبنان بۆردوومان کرد.
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بڕیاری دا بە هۆی هێرشەکەوە، سەردانەکەی بۆ ئەمریکا کۆتایی پێ بهێنێت و بە پەلە بگەڕێتەوە ئیسرائیل. ناتانیاهۆ لە پەیامێکیشدا گوتی، حزبوڵلای لوبنانی بەرپرسیارە لە کۆمەڵکوژییەکەی “مەجدەل شەمس” و لێی بێدەنگ نابن.
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل گوتی، "لە نێو کوژراوەکاندا منداڵانی بچووک هەن کە یاری تۆپی پێیان کردووە. دڵمان بە بینینی دیمەنەکان شکا. لەوکاتەوە ئاگادارکراومەتەوە بەردەوام لە هەماهەنگی ئەمنیدا بووم. بڕیارم دا بگەڕێمەوە بۆ ئیسرائیل. هەر کە گەیشتمەوە کۆبوونەوەی حکوومەت لە سەر ئەم ڕووداوە دەکەین. دڵنیاتان دەکەمەوە ئیسرائیل لە سەر ئەمە بێدەنگ نابێت".
لای خۆیەوە دانیال هاگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل گوتی، هەرچەندە حیزبوڵلا بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە ڕەت دەکاتەوە، بەڵام بەگوێرەی زانیارییە هەواڵگرییەکانیان حزبوڵلا کارەکەی کردووە و سوپاکەیان ئامادەکاریی بۆ وەڵامدانەوە دەکات.
هەرچەندە حزبوڵلا چەند ساتێک دوای هێرشەکەی سەر “مەجدەل شەمس”، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ڕەتی کردەوە هێرشەکەیان کردبێت، بەڵام بەرپرسانی ئیسرائیل سوورن لە سەر ئەوەی حزبوڵلای لوبنانی ئەو کارەی کردووە و ئەبێ باجدەکەی بدات.
هاوکات، کۆشکی سپی و یەکێتیی ئەورووپا، بەتوندی کوژرانی 10 ئیسرائیلیان سەرکۆنە کرد و ڕووداوەکەیان بە پێشهاتێکی مەترسیدار وەسف کرد، داواشیان کرد هەموو لایەک دان بەخۆیاندا بگرن، تا دۆخەکە لە کۆنترۆڵ دەرنەچێت.