ساسان عەونی: ئەو فەرمانبەرانەی کارتی زانیارییان هی سنووری ماددەی 140ـە، زەویان پێ دەدرێت

ساسان عەونی وەزیری شارەوانی هەرێمی کوردستان دەڵێ: مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران جەختی کردووەتەوە کە هیچ فەرمانبەرێک لە وەرگرتنی زەوی نابێت بێبەش بکرێت، ئەوانەشی کارتی زانیارییان هی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمە لە نزیکترین شوێن زەویان پێ دەدرێت.

وەزیری شارەوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بارەی هەنگاوەکانی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی هەرێم گوتی: هەر لە سەرەتای دەرچوونی بڕیارەکەی سەرۆکی حکوومەت بۆ دابەشکردنی زەوی، سەرجەم سەرۆکایەتییەکانی شارەوانی ڕاسپێردراون بۆ ئامادەکردنی ڕێنمایی هونەرییەکان، هەماهەنگیی لەگەڵ وەزارەتەکان و ئامادەکردنی ڕێکارە یاساییەکان، بۆ ئەمەش زنجیرە کۆبوونەوەیەک کران، هەرچەندە چەند گرفتێک هەبوون، بەڵام کارەکان نەوەستان و بەردەوام بوون، گرفتەکانیش درایە ئەنجوومەنی وەزیران و لەوێوە چارەکران.

هەروەها ئاماژەی دا دوێنێ چوارەمین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزارەتی شارەوانی بەڕێوەچوو، بۆ پێدانی دەسەڵاتی زیاتر بە بەشێک لە شارەوانییەکان لە پێناو خێراترکردنی کارەکان، هەر لەو کۆبوونەوەیەدا شارەوانییەکان ئاگادار کرانەوە تا لە ماوەی هەفتەیەک بۆ 10 ڕۆژ، لە هەموو شارەوانیی و بەشەکان کارەکان تەواو بکرێن.

لە بارەی شوێنی پێویستی بۆ دابەشکردنی پارچە زەوییەکان، ساسان عەونی گوتی: لە هەندێک شوێن زەوی پێویستی هەیە، بەڵام لە سنووری بەشێک لە شارەوانییەکان زەوی نییە، هەر بۆیە کار دەکرێت بۆ ئەوەی زەوی پێویست تەرخان بکرێت.

گوتیشی: ئەو فەرمانبەرانەی کارتی زانیارییان هی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستانە، لە پێدانی زەوی بێبەش ناکرێن و مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیران جەختی کردووەتەوە کە نابێت هیچ کارمەندێکی حکوومەت لە پێدانی زەوی بێبەش بکرێت، هەر بۆیە بە گوێرەی ڕێنماییەکان ئەو فەرمانبەرانەی کارتی زانیارییان ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمە لە نزیکترین شوێنی نیشتەجێ بوونیان زەویان پێ دەدرێت.