نەورۆز جۆرڤان ڤیێرای بەرازیلی کرد بە راهێنەری یانەکەی
یانەی نەورۆز لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا جۆرڤان ڤیێرای بەرازیلی وەك راهێنەری نوێی یانەکەی بە میدیاکان ناساند.
سەرەتا لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی یانەی نەورۆز گوتی: نزیکەی دوو مانگە لەسەر هێڵین بۆئەوەی جۆرڤان ڤیێرا رازی بکەین بۆئەوەی ببێت بە راهێنەری یانەکەمان.
سەرۆکی یانەی نەورۆز ئاماژەی بەوە کرد: هەوڵدەدەین بۆ مانگی 10 یاریگەکەمان تەواو بکەین و وادەکەین، کە هەموو یانەکان کاتێك دێنە یاریگەکەمان بترسن.
لاهور شێخ جەنگی ئەوەشی گوت، کە ئەمساڵ ناوبژیوانان لە خولی ئەستێرەکانی عێراق لە بەشێك لە یارییەکان زوڵمیان لە نەورۆز کردووە.
سەرۆکی یانەی نەورۆز باسی لە گرێبەستەکانی یانەکەی کرد و ئەوەی خستەڕوو: کە ناکرێت هەموو شتێك لێرە باس بکەین لەوانەیە هەندێك یاریزانی پێشووی خۆمان بگەڕێنینەوە یانەکە.
دواتر جۆرڤان ڤیێرا لە کۆنفرانسەکەدا قسەی کرد و گوتی: هەموو عێراق من دەناسن و دەزانن من کێم، بۆیە پێویستە ناوی خۆم بە بەرزی بهێڵمەوە.
راهێنەرە نوێیەکەی نەورۆز دەڵێت: شەو و رۆژ بۆ سەرخستنی یانەی نەورۆز کاردەکەم و بە هەموو شێوەیەك هەوڵدەدەم ناوەکەی بپارێزم، یانەکە یاریزانی باشی هەیە بۆیە پێویستە بە قورسی کار بکەین بۆ بردنەوە.
ڤیێرا لە قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد: لە یارییدا دۆڕان، یەکسان و بردنەوە هەیە، بەڵام من هاتوومە نەورۆز تەنیا بۆ بردنەوە و مێشکم تەنیا بردنەوەی تێدایە.
جۆرڤان باسی لەوەشکرد: یاریزانێك دەتوانێت یارییەك بباتەوە، بەڵام تیمێك دەتوانێت خولێك بباتەوە، بۆیە بەرنامەی من تەنیا بریتییە لە کارکردن کارکردن کارکردن.
راهێنەرەکەی نەورۆز گوتیشی: دەستەی هاندەرانی نەورۆز بەو کاتژمێر 3ی بەرەبەیانە بە گوڵەوە هاتبوون و پێشوازییان لێکردم ئەوە بۆمن گرنگە.
جۆرڤان ڤیێرای بەرازیلی تەمەنی 70 ساڵە و پێشتر لە ساڵی 2007 لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق بووەتە پاڵەوانی ئاسیا.