مەروان حەیدەر: هێرشەکەی ئیسرائیل چارەنووسی ئەو بەرەیە یەکلا دەکاتەوە کە لە ناوچەکە دروست بووە

شرۆڤەکارێکی سیاسی لوبنانی پێی وایە، هێرشە نزیکەکەی ئیسرائیل بۆ سەر حزبوڵڵا چارەنووسی ئەو بەرەیە یەکلا دەکاتەوە کە لە ناوچەکە دژی ئیسرائیل و لەسەر غەززە دروست بووە.
دووشەممە 29ـی تەممووزی 2024، مەروان حەیدەر شرۆڤەکاری سیاسی بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد، بارودۆخی ناوچەکە لە سەرووبەندی گڕگرتن دایە، ئەوەی لە مەجدەل شەمس لێکەوتەی زۆر گەورەی دەبێت، ئیسرائیل بە وڵاتانی گوتووە کە وەڵامی حزبوڵڵا دەداتەوە، چاوەڕێ دەکرێت هێرشەکەی سەر باشووری لوبنان زۆر لەوەی 7 ـی ئۆکتۆبەر گەورەتر و بەهێزتر بێت، ئەوکاتە دەبێتە بارودۆخێکی مەترسیدار کاتێک ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر باشووری لوبنان و حزبوڵڵاش هێرش بکاتەوە سەر تەلئەڤیڤ.
ئەو شرۆڤەکارە پێی وایە، حزبوڵڵا خاوەنی پشتگیرییەکی سەرەکییە لەلایەن میلیشیاکانی عێراق و چەند میلیشیایەکی دیکە لە ناوچەکە، دەڵێت: ئەوانە حزبوڵڵا بە تەنها بەجێناهێڵن، ئەمریکاش ئیسرائیل بەجێناهێڵێت و پشتیوانیی دەکات، بەریتانیا و ئەوروپاش بەهەمان شیوە لەگەڵ ئیسرائیڵن، ڕووسیاش بێدەنگ نابێت، ئاماژەی بە گوتارەکەی ئەردۆگانیشدا لەبارەی ئیسرائیل کە ڕەنگە ببێتە شەڕێکی فراوان لە ناوچەکەدا.
گوتیشی: ئیسرائیل شێرپەنجەی ناوچەکەیە و شێرپەنجەکە بڵاو دەبێتەوە، وڵاتانی دیار و بەهێز بە بەیرووتیان گوتووە کە لە چەند کاتژمێری داهاتوو ئیسرائیل هێرشەکە بکاتە سەر حزبوڵڵا، دەشڵێت: ڕێککەوتنی باش لەنێوان حەماس و ئیسرائیل هاتووەتە پێش، ناوچەکە تێگەیشتووە لەوەی کەسیان بێ زیان نابن لە شەڕدا.
گوتی: حزبوڵڵا ڕایگەیاندووە ئەو بەرەیەی دروستی کردووە پەیوەندی بە شەڕی غەززەوە هەیە، ئەو هێرشەی ئیسرائیل دەیکاتە سەر حزبوڵڵا، دەری دەخات ئەو بەرەیە چی بەسەر دێت، هێرشەکەی ئیسرائیل پرسەکە یەکلا دەکاتەوە.
شەوی شەممە، 27-07-2028، مووشەکێک لە کۆمەڵگەیەکی وەرزشی “مەجدەل شەمس”ی سەر بە جۆلانی باکووری ئیسرائیل کەوتە خوارەوە، بەهۆیەوە نزیکەی 10 کەس کوژران کە بەشێکیان منداڵ و مێردمنداڵن، نزیکەی 20 کەسی دیکەش بریندار بوون.
دوا بە دوای هێرشەکە، بەرپرسانی ئیسرائیل پەنجەی تۆمەتیان بۆ حیزبوڵلای لوبنانی ڕاکێشا و بەڵێنیاندا باجەکەی قورس دەبێت. یواڤ گالانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ڕێکارەکانی هێرشکردنە سەر حیزبوڵلای خستە ئامادەباشییەوە، ژمارەیەک پێگەی و کۆگەی چەکی حیزبوڵلاشیان لە باشووری لوبنان بۆردوومان کرد.
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بڕیاری دا بە هۆی هێرشەکەوە، سەردانەکەی بۆ ئەمریکا کۆتایی پێ بهێنێت و بە پەلە بگەڕێتەوە ئیسرائیل. ناتانیاهۆ لە پەیامێکیشدا گوتی، حیزبوڵلای لوبنانی بەرپرسیارە لە کۆمەڵکوژییەکەی “مەجدەل شەمس” و لێی بێدەنگ نابن.
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل گوتی، "لە نێو کوژراوەکاندا منداڵانی بچووک هەن کە یاری تۆپی پێیان کردووە. دڵمان بە بینینی دیمەنەکان شکا. لەوکاتەوە ئاگادارکراومەتەوە بەردەوام لە هەماهەنگی ئەمنیدا بووم. بڕیارم دا بگەڕێمەوە بۆ ئیسرائیل. هەر کە گەیشتمەوە کۆبوونەوەی حکوومەت لە سەر ئەم ڕووداوە دەکەین. دڵنیاتان دەکەمەوە ئیسرائیل لە سەر ئەمە بێدەنگ نابێت".
لای خۆیەوە دانیال هاگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل گوتی، هەرچەندە حیزبوڵلا بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە ڕەت دەکاتەوە، بەڵام بەگوێرەی زانیارییە هەواڵگرییەکانیان حیزبوڵلا کارەکەی کردووە و سوپاکەیان ئامادەکاریی بۆ وەڵامدانەوە دەکات.